"کونجی خورما"

خواردنێکی عەرەبییە و لە گەرمیان بووەتە نەریتی شەوانی زستان

964+

فەرهاد حەسەن

لە گەرمیان چەندین ساڵە خواردنێکی زستانە وەکو نەریت هاوڵاتیان لە یەکتری کۆدەکاتەوە و دوای ئامادەکردنی بەیەکەوە دەیخۆن و ئەو شەوە بە خۆشی بەڕێدەکەن.

خواردنەکە، ناوی کونجی خورما یاخود “تۆپەڵە خورما بە کونجی”شی پێدەڵێن، وەکو باسدەکرێت، لەرەسەندا ئەم خواردنە عەرەبییە، بەڵام بەهۆی نزیکی و تێکەڵاوی هەندێک خێزانی عەرەب لە سنووری گەرمیان، ماوەی چەندین ساڵە ئەم خواردنە لە ناوچەکانی گەرمیانیش بەتایبەتیش لە زستاناندا وەکو نەریتێک دروستیدەکەن و وەکو شەوچەرە بەکاری دەهێنن.

مەعروف مەجیدی ژینگەپارێز، ئەمشەو لە مەجلیسی دروستکردنی ئەم جۆرە خواردنە لە گەرمیان ئامادە بوو، چەندین گرتە ڤیدیۆی بۆ 964 ناردووە و عەلی عەبدوڵا کە یەکێک لەو هاوڵاتیانەی گەرمیانە و خەریکی دروستکردنی خواردنەکەیە دەڵێت، دوای شوشتنەوەی کونجییەکە دەبرژێندرێت ئینجا لەناو ئامێری “دنگ و میل” کە لە ئاسن دروستکراوە دەکوترێت.

دەشڵێت “دوای ئەوە خورما بەبێ دەنکە رەقەکەی ناوی تێیدەکرێت و لەگەڵ کونجییەکە دەکوترێت و تێکەڵ دەبن”.

باس لەوەشدەکات، کە لە سنووری گەرمیاندا ئەم نەریتە بە فراوانی ئەنجام دەدرێت و بەتایبەتیش لەلایەن گەنجەکانەوە کۆمەڵ کۆمەڵ کۆدەبنەوە و دوای دروستکردنی خواردنەکە بەیەکەوە دەیخۆن و شەوێکی خۆش بەڕێدەکەن.

لە سۆران کولەکەی کوڵاو خواستی خەڵکی لەسەرە

لە سۆران کولەکەی کوڵاو خواستی خەڵکی لەسەرە