دیمهنى یهكێك له كۆگاكانى خۆراك له ههولێر ... وێنه: بهڕێوهبهرایهتى كهلوپهلى خۆراكى ههولێر
وەزارەتی بازرگانیی عێراق:
دوو رۆژی دیكە بایەعی دابەش دەكرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بارزگانیی عێراق رایگەیاند، ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگی یەكی ئەمساڵ دەكرێت، راشیانگەیاند، پێداویستی یەك ساڵی ئارد بۆ تەواوی عێراق دابین كراوە.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، حەیدەر نوری ئەلگەرعاوی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، “پێداویستی عێراق بۆ ساڵێکی تەواوی گەنم مسۆگەر کراوە، یەدەگی ستراتیژی ئێستا لە نێوان 3.5 بۆ 4 ملیۆن تۆن دەبێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “پرۆسەی دابینکردنی ئاردی هاوڵاتیان هیچ دواکەوتنێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەو پێیەی بەشی مانگی یەکەمی ئەمساڵ پێشتر دابەش کراوە”.
روونیشیکردەوە، “وەزارەت سەرکەوتوو بووە لە دابینکردنی 10 بەشەخۆراکی تەواو ساڵانە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، ئەمەش زیادبوونێکی بەرچاوە بە بەراورد بە ساڵی 2022 کە تەنیا 7 بەشەخۆراکی بەخۆیەوە بینیوە”.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، “وەزارەتی بازرگانی لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی کەلوپەلی سەبەتەی خۆراکی مانگی یەك دەکات، دڵنیاییش دەدەینە هاوڵاتیان کە “ئەو بڕەی ئێستا لەبەردەستدایە، تەواوی پێداویستییەکان دەگرێتەوە بەبێ ئەوەی پێویست بە چاوەڕوانی وەرزی بازاڕکردن بکرێت، کە مانگی نیسانی داهاتوو دەست پێدەکات”.
964 ئەمڕۆ لە بازاڕی كەركوك لە رێگەی پەیامنێرانیەوە بەدواداچوونی كرد و ئەوەی دەستكەوت، بەهۆی دواكەوتنی دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی مانگی یەك، كەلوپەلی وەك برنج و زەیت و ئارد لە بازاڕی كەركوك و شارەكانی دیكەش گران بووە.