كارمەندانی كۆمیسۆنی هەڵبژاردن لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت
964 دوێنێ زانیارییەكانی بڵاوكردەوە
كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردن لە بارەی پارەی كارمەندانی بنكەكانی دەنگدان روونكردنەوەی دا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، میکانیزمێکیان دەستپێكردووە بۆ دابەشکردنی پاداشتی کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان بە دابەشکردنی کارتی بانکی ماستەرکارد لە رێگەی فەرمانگەکانی هەڵبژاردنی لقی پارێزگاکان.
كۆمیسۆنەكە ئەمڕۆ دووشەممە 2.2.2026 لە راگەیاندراوێكدا لەسەر زاری وتەبێژی كۆمیسۆن جومانە غەلای بڵاویكردەوە، پرۆسەكە لەگەڵ وەزارەتی دارایی/بانکی رافیدەین هەماهەنگ کرابوو، تا ئێستا کارت گەیاندراوەتە حەوت پارێزگا، کە بریتین لە کەرکوک، دهۆک، بەسرە، بابل، هەولێر، میسان و نەجەف. هەروەها دەڵێن، كۆمیسۆن بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی کارتی بانکیی ماستەرکارد بۆ فەرمانگەکانی هەڵبژاردن و دواتر پارەیان دەخاتەسەر بە شێوەی وەجبەوەجبە، بۆ دابەشکردنی بەسەر کارمەندانی بنکەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی رابردوو.
سەبارەت بە “سوپاسنامە” بۆ فەرمانبەرانی دامودەزگا و بەشەکانی دەوڵەت، كە لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بەشداربوون، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمیسۆن بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنی ستافی بنکەکانی دەنگدان، عەلی ساڵح ئەلساعدی، دووپاتیکردەوە بە فەرمی لە نامەیەکدا کە لە 30.12.2025 لە سەرۆکی دەستەی کۆمیسارانەوە دادوەر عومەر ئەحمەدەوە ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە، لەگەڵ سیدییەک کە ناوی وەرگرانی تێدابوو.
كۆمیسۆن دووپاتی دەكاتەوە، لە کارکردن و بەدواداچوون بەردەوامن لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان، تاو هەموو کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان شایستەكانیان وەردەگرن لە پارە و نامەی سوپاسنامە.
ئەمە لە كاتێكدایە دوێنێ یەكشەممە جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق تایبەت بە 964ی راگەیاند، كۆمیسۆن بەردەوامە لە كارەكانی بۆ دابینكردنی پارەی كارمەندانی سەرسندوق و بەشدار لە هەڵبژاردن و هەمان ئەو زانیارییانەی دووپاتكردەوە، كە كارتی بانكی بۆ حەوت شار نێردراوە و خەریكن بۆ شارەكانی دیكەشی دەنێرن، بۆ ئەوەی لە رێگەی بانكەوە پارەیان بۆ دابین بكەن.
بە گوێرەی ئەو لیستەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی 11.11.2025 بڵاویكردەوە، 823 هەزار و 187 كەس وەك كارمەندی ناوەندەكانی دەنگدان وەرگیران، لەو ژمارەیەش 177 هەزار و 555 كارمەند لەهەرێمی كوردستان وەرگیرابوون.
لە رۆژی 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دوو رۆژ پێش ئەو رێكەوتەش، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو.