هەولێر قەمسەڵە و قوماشی ژەهراویشیان تێدایە

ئاسایش زیاتر لە 120 کیلۆ ماددەی هۆشبەری سووتاند

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش لە هەڵمەتێکی فراواندا، بڕی زیاتر لە 120 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆری سووتاند کە لە چوارچێوەی زیاتر لە دوو هەزار دۆسیەی جیاوازدا دەستیان بەسەردا گیرابوو.

ئاسایشى گشتى هەولێر بڵاوى کردەوە، لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان بڕی 120 کیلۆ و 464 گرام ماددەی هۆشبەری لە جۆرەکانی (کریستاڵ، هێرۆین، تلیاک، حەشیش، ماریجوانە و گراس) لەناوبرد.

وەک باسکراوە، ئەوەی لەم هەڵمەتەدا جێگەی سەرنجە، بەکارهێنانی رێگەی نوێیە بۆ قاچاخچێتی، کە تێیدا ماددەکان لەناو قوماش و پۆشاکدا شارابوونەوە.

جگە لە ماددە خاوەکان، ئەم کەلوپەلانەش سووتێنران:

یەک تۆپ قوماش، دوو قەمسەڵە و دوو کڵاو (کە بە ماددەی هۆشبەر رووپۆش کرابوون).
38 جگەرەی هۆشبەر و 8 دەرزی و 22 شرووبی هۆشبەر.
898 ئامێر و کەلوپەلی جۆراوجۆری کێشانی ماددە هۆشبەرەکان.

نەقیب ئەركان بیبانی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر بە 964ـی وت، “ئەم بڕە ماددەیە ئەنجامی یەکلاییکردنەوەی 2113 دۆسیەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 بوون، کە لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە رەوانەی دادگا کرابوون و پلەی بنبڕیان وەرگرتبوو”.

لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان کە لە نوێنەری چەندین لایەنی حکومی و دادوەری پێکهاتووە، رایگەیاند لە سێ ساڵی رابردوودا ئەمانەیان لەناوبردووە:

بڕی 1,747 کیلۆ و 500 گرام ماددەی هۆشبەر.
147,000 شیت حەب و 1,959 حەبی فەل.
6,633 دەرزی و شرووبی هۆشبەر.
2,866 ئامێری بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.
ئەم پرۆسەیە بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2020 ئەنجام دەدرێت و ئامانج لێی رێگریکردنە لە بڵاوبوونەوەی ژەهر و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح

سزاى لەسێدارەدان بۆ دوو بازرگانى مادەى هۆشبەر دەرچوو

سزاى لەسێدارەدان بۆ دوو بازرگانى مادەى هۆشبەر دەرچوو