"ئەوەی لە گیرفانیان بوو بەخشییان"

کوردانی رۆژئاوای دانیشتووی کۆیە لە نێوان خۆیاندا هاوکارییان بۆ رۆژئاوا کۆکردەوە

+964
دەریا ئەحمەد – کۆیە

سێ هاوڵاتی رۆژئاوای کوردستان کە دانیشتووی شاری کۆیەن، ئەمشەو هەڵمەتێکیان کرد و پارەیان لەو ماڵانەی کە خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن و لە شاری کۆیە نیشتەجێن، کۆكردەوە، یەکێک لەو هاوڵاتییانەش دەڵێ، کوردانی رۆژئاوا لە کۆیە ئەوەی لە گیرفانیان بوو بەخشییان.

ئەدهەم سلۆ کوردێکی رۆژئاوایە و لە شاری کۆیە نیشتەجێیە، بە 964ـی وت، کاتێک دەبینین خەڵکی لە شاری کۆیە بە گەرموگوڕییەوە بەشداری دەکەن لە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ رۆژئاوای کوردستان، ئێمەش بە ئەرکی خۆمان زانی وەک کوردانی رۆژئاوا هاوکاری كۆبكەینەوە بۆ کەمپینەکە.

وتیشی، ئەمشەو یەكشەممە لەگەڵ دوو هاوڕێی ترم بڕیارمان دا کە ماڵ بە ماڵ لە دەرگای کوردانی رۆژئاوا بدەین لە شاری کۆیە و داوای بکەین هاوکاری ببەخشن کە نزیکەی 70 ماڵ دەبین لە شارەکە.

ئاماژەی بەوەش دا، هەموو ماڵەکان ئەوەی لە گیرفانیان بوو بەخشیان، هەبوو پێنچ هەزاری پێبوو، هەبوو 25 هەزاری بەخشی، کۆی گشتی 942 هەزارمان کۆکردەوە و هێنامان بۆ کەمپینەکه.

لە هەموو باشووری كوردستان كەمپینی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان دەستیپێكردووە و تا ئێستا بەشێكی باشی هاوكارییەكانیش گەیشتوونەتە رۆژئاوا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

16 بارهەڵگری هاوكارییەكان بەرەو رۆژئاوا بەڕێكران

16 بارهەڵگری هاوكارییەكان بەرەو رۆژئاوا بەڕێكران