لە ماراسۆنەکەی چەمچەماڵ سێ بەشداربوو بریندار بوون

964+

هۆگر عەدنان

بەبۆنەی ساڵڕۆژی ئازادکردنی چەمچەماڵ ماراسۆنێک رێکخرا، بەڵام سێ لە بەشدارانی ماراسۆنەکە ئۆتۆمبێل لێیان دەدات.

ماراسۆنەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 8.3.2023 رێکخرا بوو کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی ئازادکردنی چەمچەماڵ کە ژمارەیەکی زۆر لە وەرزشوانان و خەڵکی دەڤەرەکە بەشدار بوون.

لە کاتی راکردنیان پیکابێکی رەنگ سووری جۆری دێر، خۆی دەکێشێت بە سێ بەشداربوو، بەهۆیەوە دەکەونە سەر زەوی جەستەیان دەڕووشێت و بە سوکی بریندار دەبن.

پەیامنێری 964 لە بەیانییەوە رووماڵی ماراسۆنەکەی ئەمڕۆی چەمچەماڵ دەکات، ئەو خۆی ساتی دیمەنی پێکرانی سێ بەشداربووەکەی ماراسۆنەکەی بینیوە.

پەیامنێری 964 دەڵێت: ئەو شەقامەی بەشدارانی ماراسۆنەکە پێیدا رایان دەکرد، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ بە رووی ئۆتۆمبێل دانەخرا بوو، ئۆتۆمبێلەکان جمەیان دەهات و لەگەڵ بەشداربووەکانی ماراسۆنەکە دەهات و دەچوون.

دوو لە بەشدارانی ماراسۆنەکە بە پەیامنێری 964ـی وت، سەیارەکە بەخێرایی بەلاماندا تێپەڕی و لێی داین و نەشوەستا.

ماراسۆنەکە بۆ یادی راپەڕینی چەمچەماڵ رێکخرابوو، لە رێگای نەوشوان بوو ماوەکەشی سێ کیلۆمەتر بوو.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق