هەواڵەکان

بازیان لە نێوان “هەڵم”ـی قایمقام و “دووکەڵ”ی کارگەکاندایە و لە هەولێریش خەریک بوو ببێتە کارەسات


ژووری هەواڵ

لە کاتێکدا ئاسمانی بازیان بە دووکەڵێکی چڕ داپۆشراوە و هاووڵاتیان مەترسیی ژەهراویبوونیان هەیە، قایمقامی قەزاکە دەڵێت: “ئەوەی دەیبینن دووکەڵ نییە، تەنیا هەڵمە”.

لە هەولێر، ئەمڕۆ بەهۆی هەڵەی کارمەندێکی بەنزینخانەوە خەریک بوو کارەساتێک روو بدات، 12 هاووڵاتی، کە هەریەکەیان 100 لیتر “نەوت”یان وەرگرتبوو، دواتر بۆیان دەرکەوت ئەوەی بردویانەتەوە ماڵەوە “بەنزین” بووە.

شۆفێرانی گەراجی بەغدا لە کەرکوک دژی پڕۆژەیەکی ئەندەرپاس گردبوونەوە و دەڵێن کەسابەتى لێ بڕیون، پڕۆژەیەک کە بڕیاربوو بە سێ مانگ تەواو بێت، نۆ مانگە تەواو نەکراوە و دەرگاکانی گەراجەکەی داخستووە.

شەپۆلێکی دیکەى توندی بەفر و باران روو لە کوردستان دەکات، کەچی مەرزی کێلێ دوای دوو هەفتە لە داخرانی، هێشتا ئاڵوگۆڕی بازرگانی تێدا دەستپێنەکردووەتەوە.