هۆشدارییەک بۆ شۆفێرانی هەولێر
“لەمەودوا تیمەکانى هاتووچۆ بە ئۆتۆمبێلی “مەدەنی” چاودێریتان دەکات”
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بەرنامەیەکی نوێی بۆ ساڵی 2026 راگەیاند و هۆشداری دەداتە شۆفێران کە تیمەکانیان بە ئۆتۆمبێلی “میری و مەدەنی” لە هەموو شوێنەکان چاودێری جێبەجێکردنی یاسا دەکەن.
هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، تیمەکانیان لە ترافیکلایت، بازگە و مەفرەزەکاندا دەبن، هەروەها ئۆتۆمبێلی خاوەن تابلۆی شارستانی (مەدەنی) بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردنی شەقامەکان، بۆ ئەوەی سەرپێچیکاران نەزانن کەی لەژێر چاودێریدان.
سەرپێچییەکان و سزاکان:
تابلۆ: ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ یان تابلۆی ساختە دەستی بەسەردا دەگیرێت و رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر.
مۆبایل و پشتێن: بەکارهێنانی مۆبایل و نەبەستنی پشتێنی سەلامەتی (چ لە ناو شار و چ لە دەرەوەی شار) سزای دارایی هەیە.
مۆڵەت: هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت شۆفێری بکات، رەوانەی دادگا دەکرێت.
جام رەش و گزۆز: جام رەشکردنی بێ مۆڵەت، بەکارهێنانی فلاشەر و دەستکاریکردنی گزۆز سزای دارایی و دەستبەسەرداگرتنی هەیە.
ماتۆڕسکیل: ماتۆڕی دیلیڤەری و جۆرەکانی تر دەبێت تابلۆی پێش و پاشیان هەبێت، شۆفێرەکەش مۆڵەت و کڵاوی هەبێت، بەپێچەوانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
هاتووچۆی هەولێر جەخت دەکاتەوە کە ئەم رێکارانە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە، دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بەهۆی کامێراکانی چاودێرییەوە رێژەی مردن و برینداربوون بە رووداوەکانی هاتووچۆ کەمی کردووە.