دیمەنی وێستگەی کارەبای گەرمیان- وێنە: لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای گەرمیان وەرگیراوە
لە گەرمیان
چوار ساڵە وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا بەردی لێنەخراوەتە سەر بەرد
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
دوای نزیکەی چوارساڵ لە بڕیاری دروستکردنی وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ناحیەی باوەنووری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، تا ئێستا کاری تێدا نەکراوە، بەڕێوەبەری کارەبای گەرمیانیش دەڵێت،”نازانین کەی دەستپێدەکات”.
لەساڵی 2022 بڕیاری دروستکردنی وێستگەکە دراوە، بە جوڵەی ئاو کارەبا بەرھەم دەھێنێت، توانای بەرھەمھێنانی 50 مێگاوایت کارەبای ھەیە، دەچێتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی، لەھەر چوار ئیدارە سەربەخۆکەی ھەرێمی کوردستان بڕیارە دروست بکرێن.
حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان بە 964ى وت، “دوای بڕیارەکە زەویمان لە رێگەی کشتوکاڵەوە بۆ وێستگەکە دیاریی کرد لە ناحیەی باوەنوور، گرفتی جێگامان نییە، بەڵام تا ئێستا کۆمپانیای جێبەجێکار نەھاتوون دەست بە کارەکانیان بکەن”.
“پرۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتمەند دروست دەکرێت و لە وەزارەتی کارەباوە گرێبەستیان لەگەڵ کراوە و خۆیان سەرپەرشتی پرۆژەکە دەکەن”، حازم کەریم وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ھیچ شتێک بە ئێمە نەوتراوە، کە ھۆکاری چییە ماوەی چوار ساڵە دەست بە کارەکانی ئەو پرۆژەیە نەکراوە، ناشزانین کەی دەست بە کارەکانی دەکرێت، تا ئێستا لە ھیچ کام لە ئیدارە سەربەخۆکانی دیکەش کاری تێدا نەکراوە.
بڕیارە چوار وێستگەی بەرھەمھێنانی کارەبا بە جوڵەی ئاو لە رێگەی خەزانەوە، لە ھەر چوار ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، سۆران، راپەڕین و زاخۆ دروست بکرێن، بەھەموویانەوە نزیکەی 250 مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنن.