دەستکرا بە دابەشکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی
964+
فەرمان سادق
دوای زیاتر لە چوار مانگ وەستانی دابەشکردنی پاسپۆرت بەسەر ئەو هاوڵاتیانەی مامەڵەی دەرهێنان و نوێکردنەوەیان کردووە، دەرهێنانی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەستی پێکردەوە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش، یەکەم کەس بوو پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی وەرگرت.
ئەو پاسپۆرتە ئەلیکترۆنییە، دەبێتە نەوەی سێیەمی پاسپۆرتی عێراقی کە چەندان تایبەتمەندی هونەری زۆر بەرزی تێدایە و لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانی سڤیلی نێودەوڵەتی (ئیکاو) پەسند کراوە.
ئەمشەو 6.3.2023، بە فەرمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی کرایەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ماوەیەکی زۆرە دابەشکردنی پاسپۆرت لە سەرتاسەری عێراق راگیرا بوو.
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکەم کەس بوو کە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی وەرگرتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی هەموو هەنگاوەکانی دەرچوونی پاسپۆرتی ئەلیکتۆنی کردووە.
محەمەد شیاع سوودانی، رایگەیاند: پاسپۆرتە نوێیەکە 85%ـی رێوشوێنی دەرهێنانی پاسپۆرتی کاغەزی کەم دەکاتەوە، ئەمەش وادەکات هاونیشتمانیان لە یەک رۆژدا ببنە خاوەنی پاسپۆرت.