حەوت مۆڵەتیش هەڵوەشێنراونەتەوە
“ئەمساڵ 210 مۆڵەتی وەبەرهێنان بە كەرتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دراوە”
964+
فەرهاد حەسەن
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم دەڵێت، ئەمساڵ 210 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان بە كەرتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان داوە، حەوت مۆڵەتی وەبەرهێنانیش بەهۆی سەرپێچیکردنی رێساکانەوە هەڵوەشێنراونەتەوە، دەشڵێت، “کەرتی تایبەت 161 هەزار دەرفەتی کاری بۆ خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی راستەخۆ رەخساندوە”.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت کەرتی تایبەت بکاتە شەریکێکی راستەقینەی حکومەت بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابوریی، تەنیا لە ئەمساڵدا 210 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراوە كە کەرتەكانی نیشتەجێبون، پیشەسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و بەرهەمهێنانی گرتوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو پڕۆژانەی كە مۆڵەتیان وەرگرتوە لە نێوان وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانیدا دابەشکراون، لەماوەی 2025 دا حەوت مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵوەشێندراونەتەوە بەهۆی پابەندن نەبوون بە ڕێساكانەوە، ئەوە جگە لە دەسپێكردنەوەی دەیان پڕۆژەی دیكە كە پێشتر وەستابوون.
دەشڵێت، “تاكو ئێستا کەرتی تایبەت 161 هەزار دەرفەتی کاری بۆ خەڵکی کوردستان، بە شێوەیەکی راستەخۆ رەخساندوە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش هەزاران دەرفەتی دیکە ئامادەن”.
بەبەراورد بە ساڵی 2024 بەشێوەیەكی گشتی دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە 179 پڕۆژە لە تەواوی هەرێمی كوردستاندا دابوو، زۆرینەیان لە هەولێر بوون كە 71 پڕۆژە بووە بە بەهای دوو ملیار و 173 ملیۆن دۆلار، دوای ئەویش لە دهۆك مۆڵەتی 36 پڕۆژە و سلێمانی 29 پڕۆژە دراوە.