لە 17 ساڵییەوە کاری راگەیاندن دەکات
ناز عەبدوڵا: رۆژ هەبووە سێ مەراسیمم ئەنجامداوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ناز عەبدوڵا لە 17 ساڵییەوە كاری راگەیاندن دەكات و یەكێكە لە پێشكەشكارە هەرەدیارەكانی هەرێمی كوردستان، خەونیش بەوە دەبینێت، ئاهەنگ و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان خۆی پێشكەشی بكات.
ناز ئێستا فێستیڤاڵی شەوانی هەولێر بەبۆنەی سەری ساڵەوە بەڕێوەدەبات و بە جلی جوانی كوردییەوە دەردەكەوێت، لە دیدارێكی خێراشدا لەگەڵ پەیامنێری 964 دەڵێت، “خۆڕسكانە كارەكەی خۆمم خۆش دەوێت، بۆیە بەردەوامم”.
ناز پێشكەشكاری زۆربەی بۆنە نەتەوەییەكان و ئاهەنگەكانی دەرچووانی زانكۆیە، ئەو دەڵێت، خوێندكارانی زانكۆ پێویستە لە رۆژی وەرگرتنی بڕوانامەدا زۆر گەرموگوڕ و بەجۆش بن و نابێت وەك رۆژێكی ئاسایی مامەڵە بكەن.
“خەونی من ئەوەیە راگەیاندنی رۆژی سەربەخۆیی كوردستان بخوێنمەوە، ئیتر دوای ئەوە ئەگەر خوای گەورە رۆحیشم بباتەوە ئاساییە”، ئەمە قسەی ناز عەبدوڵایە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا