زیاتر لە 30 دوکان سووتان
ئاگرێكی گەورە لە کەمپی باجدکەندالا کەوتەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
نزیک کاتژمێر 05:00 بەیانی ئەمڕۆ شەممە 27.12.2025 ئاگر لە کەمپی باجدکەندالای سنووری ئیدارەی زاخۆ کەوتەوە، بەو هۆیەوە زیاتر لە 30 دوکان سووتان و زیانێکی زۆری ماددی لێكەوتەوە.
تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەكە نازانراوە چی بووە، بەهۆی ئەوەی دوکانەکان لەناو قوماش و چادردا بوون، لە دوکانێک بۆ ئەوی دیکە ئاگر تەشەنە کردووە و بەو هۆیەوە زەرەر و زیانێکی زۆر بەر خاوەن دوکانەکان کەوتووە.
موقەدم جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە 964 وت، هەر لە کاتی ئاگادارکردنمان تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکە بەبێ زیانی گیانی کۆنتڕۆڵ کرا، تا ئێستا دیارنییە ژمارەی دوکانەکان چەندن، بەڵام پێشبینی دەکەین 30 تا 35 دوکان سووتابن و زیانیان بەرکەوتبێت.
کەمپی باجدکەندالا دەکەوێتە ناحیەی رزگاری سەر بە ئیدارەی زاخۆ.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا