تانكێكی هێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا لە گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب. فۆتۆ: ئاژانسی هاوار
"نزیكبوونەوەی رێككەوتن لە ئارادا نییە"
تانک و چەكی قورس براوەتە گەڕەكە كوردییەكانی حەلەب
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری حەلەب بڵاویانكردەوە، گرووپی چەكدارەكانی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا تانک و چەكی قورسیان لە دەوروبەری گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کۆکردووەتەوە، ئەمەش بە هەڵکشانێکی نوێ دادەنێت دوای ئەو هێرشانەی كرایەسەر یەکێک لە خاڵە پشکنینەکانیان.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە رۆژئاوا بە میدیاكانی ئەوێیان داوە، گرووپە چەكدارەكان شەوی رابردوو بە ئاڕپێجی خاڵێکی پشکنینیان لە بازنەی شێخ مەقسوود کردبووە ئامانج.
هەرچەندە بڕیارە لەم رۆژانەی پێش سەری ساڵی نوێدا فەرماندەی هێزەكانی هەسەدە جەنەڕال مەزڵوم عەبدی لەگەڵ سەرۆكی كاتیی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع دیداریان هەبێت، بەڵام ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی نێوان هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و ئەو هێزانەی سەر بە حكومەتی ئەلشەرعن، مەترسی ئەوەی هەیە رەوشەكە زیاتر بەرەو شەڕ و بەیەكدادان بڕوات.
هەر لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی سوریا بە تەلەڤزیۆنی ئەلشەرقی راگەیاندووە، نزیكبوونەوەی رێككەوتنێك لە نێوان حكومەتەكەی و هەسەدە دوورە لە راستییەوە.