سێ رۆژە نمایشی کورتە فیلمی ژان لە هەولێر راگیراوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ماوەی سێ رۆژە نمایشی کورتە فیلمی “ژان” لە هەولێر راگیراوە، بەرهەمهێنەر و ستافی مارکێتینگی فیلمەکە هۆکارەکەی بۆ کێشەی تەکنیکی دەگەڕێننەوە.
ماهیر حەسەن، ئەکتەری سەرەکی و بەرهەمهێنەری کورتە فیلمی “ژان” دوێنی یەکشەممە، لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، لە رۆژی 1.3.2023ـەوە نمایشەکانیان راگرتووە.
ئەو کەرەستە دەنگی و رەنگییانەی دابینکرابوون لە ئاستی خزمەتکردن نەبوون
“ئێمە دەمانەوێت فیلمەکە لە باشترین کوالێتیدا پێشکەشی هاوڵاتیانی هەولێری ئازیز بکەین، بەداخەوە ئەو کەرەستە دەنگی و رەنگییانەی دابینکرابوون، لە ئاستی خزمەتکردن نەبوو بە ئێوەی خۆشەویست،” ماهیر حەسەن وای وت.
لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمەوە فیلمەکە پیشان دەدرێت و لە نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک پێشاندراوە، لە سلێمانیش تا ئێستاش نمایشکردنەکەی لە سینەما سالم بەردەوامە.
سیناریۆی کورتە فیلمەکە لەلایەن لەیلا باغ پیرا ئامادەکراوە و چیرۆکەکەی باس لە کچێکی سێزدە ساڵانی بیرکۆڵ دەکات کە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر و دایک و باوکی دوای چەند مانگێک پێیان زانیوە و بە دوای چارەسەرێکدا دەگەڕێن.
ماوەی فیلمەکە 32 خولەک و 37 چرکەیە و لەلایەن بورهان ئەحمەدی و لەیلا باغ پیرا کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و ماهیر حەسەن و بورهان ئەحمەدی بەرهەمهێنەری فیلمەکەن.