"با حکومەتی عێراق رێککەوتنەکەی هەڵبوەشێنێتەوە"
ژمارەیەك پەنابەری كورد لە گرتووخانەیەکی بریتانیا داوای بەهاناوەچون دەكەن
فەرهاد حەسەن
ژمارەیەك پەنابەری کورد کە لە ناو گرتوخانەیەکی بریتانیا دەستبەسەرکراون بەقسەی خۆیان فشاریان لێدەكرێت بۆ ئەوەی پەڕەی “گەڕانەوەی خۆبەخشانە” واژۆبكەن، بەڵام ئەوان ئەمە ناکەن و دوای بەهاناوەچون و رووی دەمیشیان لە حکومەتی عێراقی کردووە، کە سەرجەم ئەو رێککەوتنانەی کە رێگە بە گەڕاندنەوەی زۆرەملێ دەدات، رابگرێت یاخود هەڵبوەشێنێتەوە.
بەپێی نامەیەک کە ژمارەیەك پەنابەری کورد واژۆیان کردووە و وێنەیەکی دەست 964 کەوتووە، دەڵێن “ئێمە دەستبەسەرکراوین لە بریتانیا، لە ناو گرتوخانەیەکی دەستبەسەری پەنابەرین لە لەندەنی پایتەخت، زۆرێک لە ئێمە لە عێراق هەڵهاتین بەهۆی دۆخی ناهەموار، چەوساندن، نائاسایشی و هەڕەشە لە سەر ژیانمان، ئێمە بە خواستی خۆمان وڵاتمان جێنەهێشتوە، بەڵکو ناچار بوین بۆ پاراستنی ژیان و ئازادی خۆمان”.
باس لەوە دەکەن، کە ئەمڕۆ روبەڕووی گەڕاندنەوەی زۆرەملێیانە بۆ عێراق دەبنەوە، بەهۆی رێککەوتنێک نێوان حکومەتی بریتانیا و حکومەتی عێراق، دەڵێن “ژمارەیەك لە ئێمە لە ناو زینداندا فشارمان لێدەکرێت بۆ واژۆکردنی پەڕەی “گەڕانەوەی خۆبەخشانە”. ئەوە گەڕانەوەی خۆبەخشانە نییە، بەڵکو زۆرەملێیە لە ژێر ترس، فشاری دەرونی و هەڕەشەی زیندانکردنی بێ کۆتایی”.
بەپێی ناوەڕۆکی نامەکە، هەندێكیان زیاتر لە 20 ساڵە لەو وڵاتە دەژین، ژیانیان لەوێ دروستکردووە و منداڵیان هەیە کە هیچ وڵاتێکی دیکە ناناسن و بوونەتە بەشێک لەو کۆمەڵگایە.
باس لەوەشدەكەن، “ئێمە لەم رێگایەوە بانگەواز بۆ هەمووان دەكەین بۆ ئەوەی لەگەڵمان بوستنەوە و هاوکارمان بن، داوای ئەوە دەکەین کە فشاری سیاسی بخەنە سەر حکومەتی عێراق، لە رێگەی پەرلەمانتاران و هەر رێگایەکی تر کە بە گونجاو دەزانن، بۆ راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو رێککەوتنانەی کە رێگە بە گەڕاندنەوەی زۆرەملێیانەی ئێمە دەدەن”.