شۆفێرانی زاخۆ و هەڵەبجە وریابن
تەمومژ رێگەکانی پەکخستووە
964+
ژێوار خدر
بەهۆی دروستبوونی تەمومژێکی چڕەوە، بۆ دووەم رۆژ ئاستی بینین لە رێگەکانی نێوان دهۆک – زاخۆ و سلێمانی – هەڵەبجە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و پۆلیسی هاتوچۆش داوا لە شۆفێران دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتییان لایتەکانیان هەڵبکەن و خێرایی کەمبکەنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی زاخۆ رایگەیاندووە، شەپۆلێکی “تەمومژ” رێگەی سەرەکیی دهۆک بۆ زاخۆی گرتووەتەوە، بەتایبەت لە مەفرەقی گرشین تاوەکو تونێلی گەلی زاخۆ و جادەی حەسەن ئاڤا، بەو هۆیەوە مەودای بینین زۆر کەمبووەتەوە.
داواش دەکات، شۆفێران مەودای سەلامەتی لەگەڵ ئۆتۆمبێلی پێش خۆیان زیاتر بکەن و لایتەکان هەڵبکەن.
هاوکات هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرای کردووە، لە رێگەی نێوان سلێمانی – هەڵەبجە، لە بازگەکەوە تاوەکو ناو ناحیەی سیروان تەمێکی زۆر دروستبووە و ئاستی بینین بۆ کەمتر لە 50 مەتر دابەزیوە، بۆیە پێویستە شۆفێران بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە بکەن و پابەندی رێنماییەکان بن بۆ ئەوەی لە رووداوی هاتوچۆ بەدووربن.