دیمەنێکی بای بەهێز لە سلێمانی _ وێنە: ئەرشیف
کەشناسەکە: سارد دەبێ
بایەکی بەهێز لە رێگەیە و ئاگاداری ئەم چوار رێنماییە بن
964+
ئەحمەد مستەفا
بایەکی بەهێز لە چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە روو لە ژمارەیەک ناوچەی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام لە سلێمانی و راپەڕین جیاوازترە و باکە بەهێز دەبێ و پێشبینییەکە وایە تا رۆژی هەینی بەردەوام بێت.
ئەمە پێشبینی و بەدواداچوونی شارەزایەکی کەشناسییە و دەشڵێ، کەلوپەلی سەربانی ماڵەکان توندوتۆڵ بکرێ و کەشەکەش سارد دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14.12.2025، پشتیوان پێنجوێنی شارەزای کەشناسی بە 964ی وت، لە سنوری سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین و بەشێکی ناوچەکانی هەڵەبجە و باکووری ئیدارەی گەرمیان و رۆژهەڵاتی کەرکوک – رۆژی چوارشەممە 17.12.2025، بای باکوور رۆژهەڵات چالاک دەبێت.
وا پێشبینی دەکرێ، تا نیوەڕۆی رۆژی هەینی بای باکوور رۆژهەڵات ناوبەناو مامناوەند بۆ بەهێز چالاک ببێت، خێرایی بایەکە لە شاری سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین زیاترە و 45 بۆ 65 کیلۆمەتر دەبێ لە کاتژمێرێکدا.
هەروەها، ناوچەکانی دیکە 30 کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا، ئەو شارەزای کەشناسییە ئاماژەی بەوەکرد، بای باکوور بە بایەکی وشک و سارد ناسراوە، کاتەکانی شەو سەرمای بەهێز دەبێت، هۆشداریی و رێنماییم بۆ هاوڵاتییان ئەوە گرنگی بە چوار خاڵی سەرەکی بدەن، ئەوانیش؛
یەکەم: ئۆتۆمبێلەکانتان لە شوێنی سەلامەت رابگرن.
دووەم؛ دوورکەوتنەوە لە ژێر ئەو دارودرەختانەی مەترسی شکانەوەیان هەیە.
سێیەم؛ دوورکەوتنەوە لە ژێر ئەو سەقف و دیوارانەی مەترسی رووخانیان لێدەکرێت.
چوارەم؛ هەندێ کەلوپەلی سەربانی ماڵەکان هەیە توندوتۆڵ بکرێن و ببەسترێنەوە.