هەموو زاخۆ بەدوای بەبەغاکەدا دەگەڕێن
964+
فەرمان سادق
بۆ سۆراغ و دۆزینەوەی بەبەغاکەی نەک تەنیا ئامادەی خەڵاتکردنە، بەڵکو دارو بەردی زاخۆی تێگەیاندووە.
سی توو، ئەو بەبەغا تەمەن سەرووی دوو ساڵەیە، ماوەی ساڵێکە بووەتە منداڵی چوارەمی ئەو ماڵە.
ئەو بەبەغایە، رەنگی رەساسییە و ژێر ملی سوورە و تەنیا یەک تاڵی پەڕی باڵێکی نیلییە، قاچێکیشی زامدارە و لەو کاتەی کچە 11 ساڵانەکە سەرقاڵی پاککردنەوەی قەفەسەکە دەبێت، کچە بچووکی ماڵ دەرگای مەتبەخەکە دەکاتەوە و بەبەغاکە رادەکات و دەفڕێت.
بەگوێرەی کامێرای چاودێری ماڵەکە بێت کە دەکەوێتە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەبەغاکە، لە 25ـی مانگی رابردوو، واتە هەشت رۆژ پێش ئێستا، ماڵی جێهێشتووە.
فاخیر ئەمین، خاوەنی بەبەغایەکە و لە رێگای تەلەفۆنەوە رووداوەکەی گێڕایەوە.
ئەو دەڵێت، بەبەغاکەی بە 400 دۆلار کڕیوە، ئامادەیە هەر کەسێک بیبینێتەوە ئەوا خەڵاتی دەکات.
“مەسەلەکە بەبەغا نییە، خۆ دەتوانم دانەیەکی دیکە بکڕم، بەڵام هێندە تێکەڵ ببوو لەگەڵ سێ منداڵەکەم، لەگەڵ ئێمەش، بۆیە زۆر پەرۆشی دۆزینەوەی دەکەم”. فاخیر وادەڵێت، باسی لەوەشکرد کە بەردەوام لەگەڵ منداڵەکانی لەسەر سفرەی نانخواردن بوو، زۆر هاوڕێی منداڵەکەنی بووە.