"ئیفلاسبوونی ئاو"

ئێران ئامادەیە ئاو بكڕێت ئەگەر وڵاتێک هەبێ بیفرۆشێ

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەهۆی وشکەساڵییەكی چڕ، کە کاریگەری لەسەر ئەو وڵاتە هەیە، حکومەتی ئێران بەنیازە ئاو لە وڵاتانی دراوسێ بکڕێت.

چاودێرانی بارودۆخی كەشوهەوای ئێران دەڵێن، ئیران لە ئیفلاسبوونی ئاو نزیكبووەتەوە.

عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر وڵاتێک هەبێت ئامادەبێت ئاو بفرۆشێت، ئێمە دەیکڕین.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا، ئێران هەروەها پرسی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەشی خستووەتە بەرنامەی كاری خۆیەوە، كە پێویستی زۆریان بە ئاوە و هەوڵ دەدات هاوردەیان نەكات.

زۆربەی وڵاتانی دراوسێی ئێران بەدەست وشکەساڵی و کەمئاوی دەناڵێنن، لەوانە عێراق، ئەفغانستان و ناوچە سنوورییەکانی پاکستان، تەنیا ئەرمینیا لە باکوورەوە یەدەگی ئاوی تاڕادەیەک گەورەترە.

ئێران یەکێکە لە وشکترین وڵاتەکانی جیهان و شارەزایان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تێبینیی ئەوەیان كردووە رێژەی بارانبارین لەو وڵاتە زۆر كەمبووەتەوە، هاوکات وشکەساڵی زیادی كردووە و گۆڕانكارییەكانی کەشوهەوا كاریگەری خراپی لەسەر وڵاتەكە دروست كردووە.

ئێران ساڵانە 100 ملیار مەتر سێجا ئاو بەكاردەهێنێت، زۆربەی ئاوەكە بۆ كشتوكاڵ بەكاردێت و 8%ی بۆ خواردنەوە و بەكارهێنانی ماڵانە، بەڵام كێشەی گەورەیە ئەوەیە ئێران نزیكەی 100%ی سەرچاوەكانی ئاوی بەكاردەهێنێت، لە كاتێكدا ستانداردی جیهانی دەڵێت نابێت هیچ وڵاتێک زیاتر لە 40٪ی سەرچاوە ئاوییە نوێبووەوەکانی خۆی بەکاربهێنێت، ئەمەش وایکردووە دەریاچەکان وشک بن (وەک ورمێ) و ئاوی ژێرزەوی بە شێوەیەکی ترسناک دابەزێت.

وشکەساڵی بەناخی بەنداوی حەمریندا چووەتە خوار

وشکەساڵی بەناخی بەنداوی حەمریندا چووەتە خوار