هاوڵاتییەكی گوندی لاجان:
“لە 2014 ئێمە پاڵاوگەی لانازمان پاراست”
964+
عەبدولعەزیز خالند
محەمەد نەوزاد هاوڵاتییەكی گوندی لاجانە و دەڵێت، هاوڵاتیانی گوندەكەیان چاوەڕێن كێشەكەیان چارەسەر بكرێت و بچنەوە ماڵەكانیان.
ئەو لەگەڵ منداڵەكەی لە دەرەوەی گوندەكەیان نانی ئێوارە دەخۆن و خێمەیان هەڵداوە، چونكە گوندەكەیان بۆ هێزە ئەمنییەكان جێهێشتووە، محەمەد دەڵێت،بەهۆی ئەو كێشەیەی لە نێوان خەڵكی گوند و پاڵاوگەی لاناز روویداوە، هێزە ئەمنییەكان خەریكن پشكنین بە تاك بە تاكی ماڵەكان دەكەن و دەست بەسەر چەكدا دەگرن.
محەمەد نەوزاد دەڵێت، ئێمە لە 2014 پاڵاوگەی لانازمان پاراست و هەروەها نەمانهێشت داعش بگاتە هەولێر.
زرار مەجیدیش كە دیار بوو زۆر برسی و ماندووە و لە بەیانییەوە نانی نەخواردووە، بۆ 964 قسەی كرد و وتی، پیاوماقوڵان و لایەنە ئەمنییەكان لەگفتوگۆدان و چاوەڕێی چارەسەرن.
وتیشی، خەڵك هیچی ناوێت و شەڕی ناوێت، چاوەڕێین بزانین هێزە ئەمنییەكان چییان دەوێت.
ئامادەكردنی ئەو راپۆرتە لە كاتێكدایە، ژمارەیەك هاوڵاتی بە نوێنەرایەتی گوندی لاجان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و داواشیان لە خەڵكی گوندەكەیان دەكەن بگەڕێنەوە ماڵەكانیان و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ قسەیان كرد.
لە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 1.12.2025ـەوە خەڵكی گوندی لاجان، كە لە عەشیرەتی هەركیین، لە گوندەكە هاتوونەتە دەرەوە، بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی هەولێر و ئەو چەند كەسەی لە لایەن پۆلیسەوە داواكراون، خەڵكەكە لە دەرەوەی گوندەكەن و دەستیان بە هەڵدانی خێمە كردووە.
كێشەكە، كە چەند رۆژێكە سەری هەڵداوە، بە قسەی خەڵكی گوندی لاجان، بەهۆی گرفتی جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی پاڵاوگەی لانازە، كە بەڵێنیان بە خەڵكی ئەوێ دابوو هەلی كاریان پێبدەن و دواتر شەڕ و خۆپێشاندان روویدا و كوژراو و برینداری لێكەوتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا