کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی غازی سرووشتی لە ئێران
کارەبای عێراق چی دەڵێن؟
پەمپکردنی غازی ئێران بۆ کارەباکەی عێراق راوەستاوە
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی کارەبا عێراق ئەوە ئاشکرادەکات، سێ رۆژە هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق راوەستاوە و رەنگە ئەو دۆخە چوار رۆژی دیکەش بەردەوام بێ، وتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پڕۆسەی پەمپکردنەکە لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا دەستپێدەکاتەوە.
ئەحمەد موسا، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتووە، لایەنی ئێران پەیامێکی بۆ وەزارەتی کارەبا ناردووە بە راگرتنی پەمپکردن بە شێوەیەکی تەواو بۆ ماوەی یەک هەفتە بەهۆی کارەکانی چاککردنەوە لەسەر بۆڕییەکانی گواستنەوەی گاز کە ئێران لەناو خاکی خۆیدا ئەنجامی دەدات.
لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە بەشێکی کارەباکەی دابین دەکای، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێ، پەنایان بردووەتە بەر سووتەمەنی جێگرەوەی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی پێداویستی وێستگە کارەباییەکان، وە بارودۆخەکەیان ئێستا لەژێر کۆنترۆڵدایە.
لەبارەی لۆدی کارەبا و زۆربوونی خواست، وەزارەتی کارەبا ئامادەکاری کردووە بۆ لوتکەی قەبارەی بارگرانی زستان لە رێگەی کارەکانی چاککردنەوە و فراوانکردن و نۆژەنکردنەوە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان، و هەماهەنگی هەیە لەگەڵ وەزارەتی نەوت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی تا کاتی گەڕانەوەی پەمپکردنی گازی ئێران.
رێژەی هاوردەی کارەبای ساڵانەی عێراق دەگاتە هەزار و 200 مێگاوات، ئەمە جگە لە ھاوردەکردنی غاز بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا.