دیمەنی یەكێك لە پانێلەكانی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر
لە هەولێر
16 رۆژ باسی توندوتیژی دژی ژنان دەكرێت
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر دەستیپێكرد و چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئامار و گۆڕانكارییەكان دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 25.11.2025، لە رێوڕەسمێكدا لە هەولێر، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هەڵمەتی 16 رۆژە لەلایەن ئەنجومهنی باڵای خانمان و گهشهپێدان دەستیپێكرد و بەم بۆنەیەوە چەندین چالاكی لەسەر ئەم بابەتە پێشكەشكرا.
هەڵمەتەكە، كە بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی كوردستان و چەند وەزیرێكی دیكە و پارێزگاری هەولێر دەستیپێكرد، ماوەی 16 رۆژ دەخایەنێت و تێیدا وەك ئاماژەی پێكراوە، كار دەكرێت بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، سیمینار و گفتوگۆ و چالاكی هونەری و كۆمەڵایەتی پێشكەش دەكرێن.
راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر لەم بارەیەوە دەڵێت، لە هەڵمەتەكەدا چاوەڕێ دەكرێت لایەنی پەیوەندیدار، ئامار و داتاكان لە بارەی ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان كراوە بخەنەروو .
رۆژی 25.11ی هەموو ساڵێك وەك رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دیاریكراوە ، لە ساڵی 1981وە ئەم یادە ساڵانە دەكرێتەوە .