فێستیڤاڵی كەلار
“خەڵک داوای شتە تازەكە دەكەن و ناویشی نازانن”
964+
میلاد جەلال
دوو هاوسەر بە شیرینی و خواردنەوەی جۆراوجۆر لە فێستیڤاڵی كەلار بەشدارن، ئەوان بەوە ناسراون لە هەر فێستیڤاڵێك بەشداربن، شتی نوێ و بیرۆكەی تازەی شیرینی پێشكەش دەكەن.
سارا عوسمان و ئاری كەریم، دوو هاوسەرن و دوكانی شیرینی و خواردنەوەیان هەیە، لە فێستیڤاڵی بازاڕی كەلار بەشدارن و بۆ 964 ئاشكرایان كرد، هەموو فێستیڤاڵێك بەرهەمی نوێ پێشكەش دەكەن.
سارا دەڵێت، ئەمجارە شتێكی نوێیان هێناوە، كە پێی دەڵێن “چۆكۆ فروت”.
ئاری كەریمی هاوسەریشی دەڵێت: سارا دەستاوی لە خواردنیشدا زۆر خۆشە نەك هەر لە شیرینی.
دەشڵێت، سەد لە سەد لە پشتی یەكترین و یارمەتی یەكتر دەدەن، ئەگەرنا ناتوانن لەو كارەدا بەردەوامبن.
سارا لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەی بۆ 964 دەڵێت، كڕیارەكان دەیانناسن و هەر دێنە لایان داوای شتی تازە دەكەن، هەرچەندە ناوی شیرینییەكانیش نازانن.
ئاری كەریمیش دووپاتی دەكاتەوە: بەردەوام داوای شتی تازەمان لێدەكەن و خەڵك حەزدەكەن شتی نوێ تاقیبكەنەوە، بە تایبەتی نەوەی ئێستا حەزیان لە شیرینی و خواردنەوەی نوێیە.
فێستیڤاڵی بازاڕی كەلار ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستیپێكرد و بڕیارە تا پێنج رۆژ بەردەوام بێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا