بهغدا زۆرترین خهرجی و ههڵهبجهش كهمترینه
زیاتر لە پێنج ملیار دینار بۆ ریکلامە سیاسییەکان لە فەیسبووک بۆ ههڵبژاردنهكهى ئهمساڵ خەرجکراوه
964+
فهرهاد حهسهن
بهپێی زانیارییهكانى راپۆرتێك، قەبارەی تێچووی پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەتایبەتیش فەیسبوك لە هەڵبژاردنی 2025 پهرلهمانى عێراق، پێنج ملیار دینار، بەمەش بە رێژەی 500% بەراورد بە هەڵبژاردنهكهی ساڵى 2021 زیادیكردووە.
تۆڕی دیجیتاڵی عێراق (DIN) له راپۆرتهكهیدا باس لهوهدهكات، ئەو ژمارانە رەنگدانەوەی گۆڕانكارییە و فەیسبوك بووەتە مەیدانی ركابەری سیاسی، بەوپێیەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن پشتیان پێبەستووە وەك ئامرازێكی سیاسی بۆ ئاڕاستەكردنی وتار و بە ئامانجگرتنی دەنگدەران.
بەپێی راپۆرتەكە، بەغدای پایتەختی عێراق لە ریزبەندی پێشەوەی تێچووەكاندایە و گەیشتۆتە زیاتر لە ملیار و نیوێك دینار، كە لەنێوان لاپەڕەی فەیسبوكی حزب و كاندید و میدیاكانیاندا دابەشبووە، پارێزگای نەینەواش لە ریزبەندی دووەمدا دێت و نزیكەی نیو ملیار دینار تێچوو بووە.
سهبارهت به پارێزگاكانى ههرێمی كوردستانیش ئاماژه به پارێزگای سلێمانی كراوه، كه لە پلەی سێیەمدا دێت و 340 ملیۆن دینار و هەولێریش بە نزیكەیی هەمان بڕ لە پۆستی فەیسبوك خەرجكراوە، بەڵام هەڵەبجە لەسەر ئاستی عێراق كەمترین پارەی بۆ پۆستی سیاسی فەیسبوك تێدا خەرجكراوە، كه ئهویش 16 ملیۆن دینار تێپەڕ ناكات.
تەنانەت لەماوەی بێدەنگی هەڵبژاردنیشدا واتە وەستانی بانگەشە سپۆنسەری پۆستە سیاسیەكان لە فەیسبوك نەوەستاوە، بەپێی راپۆرتهكه، رۆژێك پێش بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتیی لە 11.11.2025 كۆی گشتیی 160 ملیۆن دینار لەسەر ئاستی عێراق بۆ پۆستی سیاسی خەرجكراوە، بەڵام بۆ پۆستە كۆنەكان كراون تاوهكو كاریگەرییان لەسەر دەنگدەران هەبێت و بەدووریش بن لە سزای كۆمسیۆن.
ژمارەی بەكارهێنەرانی فەیسبوك لە عێراق نزیكەی 21.5 ملیۆن كەسە، بەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر لە ملیۆنێك بەكارهێنەر زیادیكردووە، ئەوەش دەریدەخات فەیسبوك و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كاریگەرییان لەسەر رای گشتیی هەیە.
بەپێی داتاكانی ئەو تۆڕە عێراقییە، تێچووی زیاتر لە 44 هەزار پۆستی سیاسی لە هەڵبژاردنی 2021 نزیكەی ملیارێك دینار بووە، بەمەش دەردەكەوێت پێنج هێندە تێچووی پۆستە سیاسیەكان لە فەیسبوك بەراورد بە هەڵبژاردنی 2025 زیادیكردووە.