دهۆک.. شوێنی شانۆی رۆمانی بووەتە زبڵخانە

964+

عەمار عەزیز – دهۆک

شوێنی شانۆی رۆمانی کە دەکەوێتە ناو گەلی دهۆک لە جیاتی ئەوەی ببێتە جێگەی کاری هونەری و شوێنی نمایشکردنی شانۆ، بووەتە جێگەی فڕێدانی زبڵ و خاشاک.

حەسەن فەتاح، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەری لە دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، ئاگاداری ئەوەن شوێنەکە بووەتە زبڵدان و بڕیارە لە ماوەی سێ رۆژی ئاییندەدا تەواوی گەلی دهۆک بە شانۆی رۆمانیشەوە لە زبڵ و خاشاک پاک بکرێنەوە.

“لە قوناغی دووەمدا شانۆی رۆمانی نۆژەن دەکرێتەوە و ئاماده دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هەر چالاکییەکی هونەری،” حەسەن فەتاح وای وت.

شانۆی رۆمانی لە سەردەمی پارێزگاری پێشووی دهۆک تەمەر کۆچەر دروستکراوە و نزیکەی 300 مەترێک دوورە لە بینای پارێزگای دهۆک، مێژووی دروستکردنەکەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی 2006 و2007.

چیتر نابێت ئەو شوێنە ببێتە شوێنی فرێدانی زبڵ و خاشاک و دەبێت بەردەوام پاک بکرێتەوە

ئیسماعیل مستەفا، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانی دهۆک بە تۆڕی 964ی وت، “پاککردنەوەی گەلی دهۆک بە شانۆی رۆمانیشەوە لە ئەستۆی دوو کۆمپانیایە، کە گرێبەستمان لەگەڵیاندا هەیە، بەدواداچوونی ورد لەسەر بابەتەکە دەکەین و لەگەڵ هەردوو کۆمپانیاکە قسە دەکەین، کە چیتر نابێت ئەو شوێنە ببێتە شوێنی فرێدانی زبل و خاشاک و بەردەوام پاک بکرێتەوە.”

تا ساڵی 2014 و پێش هاتنی داعش، لە شانۆی رۆمانی چالاکی هونەری وەک نمایشکردنی فیلم و کونسێرت ئەنجامدراون، بەڵام لە دوای شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، هیچ چالاکییەکی هونەری لێ ئەنجام نەدراوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر