حەوت کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر کران - وێنە؛ پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
زیادەڕۆییان کردووەتە سەر موڵکی گشتی و داریان بڕیوەتەوە
لە رۆژی هەڵبژارندا حەوت کەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستگیر کراون
964+
شۆڕش قادری
لە رۆژی هەڵبژارندا حەوت کەس لە سنوورەكانی پێنجوێن، بازیان، سەیدسادق و بەکرەجۆ دەستگیر کران، کە زیادەڕۆییان کردووەتە سەر موڵکی گشتی و بە شێوەی نایاسایی بیریان لێداوە و داریشیان بڕیوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن سێ کەسیان لە سنووری گوندی راوگان دەستگیر کردووە کە زەوییان تەخت کردووە و زیادەڕۆییان کردووەتە سەر موڵکی گشتی، شۆفڵێک و دوو بارهەڵگری ئەو کەسانەش دەستیان بەسەرداگیرا.
هاوکات لەناو سەنتەری شارۆچکەی پێنجوێنیش دەستیان گرتووە بەسەر ئامێرێکی بیرهەڵکەندن لە جۆری بەرینە و لەسەر ئەو دیاردەیەش سەرپێچیکارێک دەستگیر کراوە.
هەر لەسەر ئەو دیاردەیە، لە سەیدسادق و بازیانیش دوو کەس دەستگیر کراون و بەرینەکانیشیان لێ سەنراوە.
لە بەکرەجۆـش لە گەڕەکی کۆستەی چەم، کەسێک لەسەر داربڕین دەستگیر کراوە و ئۆتۆمبێلەکەشی دەستی بەسەرداگیراوە کە پشتی پڕکردووە لە داری تەڕ و سەوز و جوان.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو چەند دۆسیەیە کراوەتەوە و بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی رادەستی دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە.