راپۆرتى هاوپەیمانێتى تۆر و رێکخراوەکان و بە هاوکارى 964
3273 پێشێلکاری لە دەنگدانی تایبەتی پەرلەمانی عێراقدا تۆمارکراوە
964+
وریا فەتاح
هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوە نیشتمانییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان (بە هاوکاری 964)، راپۆرتی سەرەتایی خۆی لەبارەی چاودێریکردنی رۆژی دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی 2025 بڵاوکردەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، 3273 حاڵەت و پێشێلکاری و پڕۆسەی جێبەجێنەکراو تۆمارکراون، کە قەبارەی ئاستەنگە ریشەییەکانی بەردەم پرۆسەی دیموکراسی لە وڵاتدا نیشان دەدات.
وردیی چاودێری و فراوانیی رووماڵکردن:
تیمەکانی هاوپەیمانییەکە، کە پێکهاتبوون لە 2250 چاودێری جێگیر و 30 تیمی گەڕۆک، سەرپەرشتییەکی بەرفراوانیان بۆ رۆژی دەنگدان ئەنجامدا، زیاتر لە 8300 فۆڕمی چاودێری لە 18 پارێزگای عێراقدا کۆکرانەوە، کە قۆناغەکانی کردنەوەی بنکەکان، دەنگدان، داخستن، ژماردن و جیاکردنەوە، و هەروەها تۆمارکردنی رووداوەکان و هەڵسەنگاندنی گشتییان گرتەوە، ئەم داتایە قورساییەکی زۆر دەدات بە ڕاپۆرتەکە و فرەڕەنگیی ژینگەی کارگێڕی و ئەمنیی وڵات نیشان دەدات.
داتا سەرەکییەکان بە ژمارە:
کۆی گشتی پێشێلکاری و رووداوەکان: 3273
ژمارەی پارێزگاکانی رووماڵکراو: 18
ژمارەی فۆرمی چاودێری کۆکراوە و شیکارکراو: 8347
ژمارەی چاودێرانی جێگیر: 2250
ژمارەی تیمە گەڕۆکەکان: 30
شیکردنەوەی پێشێلکارییەکان بەپێی جۆر:
راپۆرتەکە بە وردی رێژەی پێشێلکارییە تۆمارکراوەکانی بەم شێوەیە خستووەتە روو:
کێشەی تەکنیکی: 35%
دواکەوتنی پڕۆسەکان: 25%
کێشەی ئەمنی: 20%
پێشێلکاریی ڕێکارەکان: 15%
کێشەی لۆجستی: 5%
رووداو و پێشێلکارییە دیارەکان:
راپۆرتەکە ئاماژەی بە چەندین جۆر پێشێلکاری داوە، لەوانە:
95 حاڵەتی غیابی ئەندامی تیمی بنکەی دەنگدان پێش کاتی دیاریکراو.
86 حاڵەتی رێگریکردن لە بریکارانی قەوارە سیاسییەکان لە کاتی کردنەوەی بنکەکان.
791 حاڵەتی نمایش نەکردن و روون نەکردنەوەی رێکارەکانی کردنەوە بۆ ئامادەبووان.
108 حاڵەتی دواکەوتنی کردنەوەی بنکەی دەنگدان.
126 حاڵەتی کێشەی تەکنیکی لە ئامێرەکانی پشتڕاستکردنەوە.
238 حاڵەتی بوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناو یان دەوروبەری بنکەی دەنگدان.
92 حاڵەتی دەنگدانی بە کۆمەڵ.
40 حاڵەتی دەنگدان بەبێ ناسنامەی فەرمی.
81 حاڵەتی بێلایەن نەبوونی کارمەندانی کۆمیسیۆن.
134 حاڵەتی دوورخستنەوەی چاودێر یان بریکاری قەوارە لە کاتی ژماردن و جیاکردنەوە.
115 حاڵەتی دواکەوتن یان ناتوانینی بەڕێوەبەری بنکە لە کێشانی شریتی ئەنجامەکان.
ئەم راپۆرتە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق هێشتا رووبەڕووی ئاستەنگی بونیادی دەبێتەوە کە پێویستی بە چاکسازییەکی جددی هەیە.
هاوپەیمانییەکە داوا لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات کە ئەم پێشنیارانە بە هەند وەرگرن بۆ باشترکردنی سیاسەتەکانی هەڵبژاردن، پەرەپێدانی میکانیزمەکانی چاودێری، و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە پرۆسەی دیموکراسی.