زۆربەیان داخل دەکرێن
پەتاى وەرزیى لە یەک هەفتەدا 500 منداڵى گەرمیانى رەوانەى نەخۆشخانە کردووە
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
پەتایەکی وەرزیی نوێ لە سنووری گەرمیان بڵاوبووەتەوە و رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە منداڵ و گەورە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار رایگەیاند، رۆژانە نزیکەی 60 منداڵ لە نەخۆشخانەی قەڵا لە کەلار داخڵ دەکرێن.
حارس محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار، بە 964ـی وت: “پەتایەکی وەرزی بڵاوبووەتەوە و گەورە و منداڵ تووشی دەبن، رۆژانە حاڵەتی زۆرمان بۆ دێت، لە رۆژێکدا نزیکەی 60 منداڵ داخڵی نەخۆشخانەکە دەکرێن، جگە لەوانەی کە چارەسەر وەردەگرن و دەڕۆنەوە ماڵەوە و داخڵ ناکرێن.”
وتیشی:”گەورە کەمتر لە نەخۆشخانە داخڵ دەکەین، چونکە منداڵان بەرگری جەستەیان لاوازە و زیاتر پێویستیان بە چاودێری پزیشکە، تا ئێستاش هیچ حاڵەتێکی مەترسیدارمان نەبووە، دوای چەند رۆژێک لە وەرگرتنی چارەسەر دەنێردرێنەوە ماڵەوە.”
سەبارەت بەو قسانەی هاوڵاتیان دەیکەن کە ئەم پەتایە کۆرۆنایە، حارس محەمەد روونیکردەوە: “نازانین کۆرۆنا بێت یان نا چونکە هیچ پشکنینێکی PCRمان بۆ پەتاکە نەکردووە، ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە و هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییز ئەم پەتایە بڵاو دەبێتەوە.”
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە، لە ماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە 500 منداڵ لە نەخۆشخانەی قەڵا داخڵکراون و چارەسەریان وەرگرتووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح