زیاتریش وشک دەبن

لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ؛ 41 بیر لە دەورووبەرى هەولێر وشک بوون

964+

وریا فەتاح

لەسەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ، 41 بیر لە دەورووبەرى هەولێر وشکیان کردووە و چاوەڕێ دەکرێت ژمارەیەکى دیکەشیان وشک ببن.

لە 2024دا، 27 بیر لە دەورووبەرى هەولێر وشکبوون.

رێزان سه‌عدی، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاوى ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر بە 964ـى وت،” هەرچەندە چاوەڕێى بووین لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ 20 بیر وشک بکات، بەڵام 23 بیر وشکى کرد، لەدواى مانگى شەش تا ئەمڕۆش 18 بیرى تر وشکیان کردووە و ژمارەکە بووە بە 41 بیر”.

دەورووبەرى هەولێر سنوورى هەریەک لە قەزاکانى، مەخمور، قوشتەپە، خەبات، شەقڵاوە، هەریر و پیرمام، دەگرێتەوە و 1650 بیرى ئاویان هەیە.

وەک ئەوەى رێزان سەعید بۆ 964 ئاشکراى دەکات، گۆڕانکارى کەشوهەوا بە تەواوەتى لەسەر ئاوى ژێر زەوى هەولێر رەنگیداوەتەوە، چونکە ئەگەر جاران بیرێک لە 200 بۆ 300 مەتر هەڵکەنرابێت و گەشتبێتە ئاو، ئەوا لەمساڵدا کەمترین قوڵى 550 تا 600ـە، تەنانەت بیرێکیان لێدواوەتەوە کە قوڵییەکەى 650 مەترە.

ئەو بیرانەى وشکیان کردووە، کەوتوونەتە قوشتەپە، خەبات، کەورگۆسک، دیبەگە، هەریر، شەقڵاوە، زۆرترین بیریش لە قوشتەپە و خەبات وشکیان کردووە.

لە دەورووبەرى هەولێر 1570 بیر هەیە و زۆربەیان بەهۆى وشکەساڵى و کەمبارانى، مەترس وشکبوونیان لەسەرە.

بیرەکان دواى ئەوەى وشک دەبن، لەلایەن تیمەکانى ئاوى هەولێرەوە لێدەدرێنەوە بۆ ئەوەى بە قوڵییەکى زیاترەوە دووبارە بیبوژێننەوە، وەک ئەوەى رێزان سەعید باسى دەکات، سەرجەم بیرە وشکبووەکانیان لێدواەتەوە.

تائەمڕۆ؛ 38 بیر لە دەورووبەرى هەولێر وشک بوون

تائەمڕۆ؛ 38 بیر لە دەورووبەرى هەولێر وشک بوون