"دوو پۆل لەناو هۆڵێکدا دەخوێنن"
قوتابیانی قوتابخانەی پڕۆژەی ئۆزاڵ سیتی لە هەولێر کێشەی کەمی جێگایان هەیە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
قوتابیانی قوتابخانەی پڕۆژەی ئۆزاڵ سیتی لە هەولێر کێشەی کەمی جێگایان هەیە و دەڵێن، دوو پۆل لەناو هۆڵێکدا دەخوێنن و لە مامۆستاکەیان تێناگەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 27.10.2025 ئەو قوتابیانە گردبوونەوە و نارەزاییان دەربڕی، محەمەد فاخیر بە 964ـی وت، “پۆلی 10 و 11ـمان تێكەلاوە، کوڕ و کچ سێ سێ لەسەر رەحلەیەک دادەنیشین، پۆل هەیە سەروو 70 قوتابی تێدایە و لە مامۆستا تێناگەین”.
پێشتر خۆپیشاندانیان کردووە بۆ ئەوەی قوتابخانەیەکیان تازەیان بۆ دروست بکەن، قوتابخانەکە دروستکراوە بەڵام ئەوانیان بردووەتەوە قوتابخانە کۆنەکە.
كۆیار نەوزادـیش کە قوتابی پۆلی 10ـی زانستییە، دەڵێت، “تائێستا تاقیكردنەوەی رۆژانەمان نەكردووە، کێشەکەمان پەیوەندی بە تاقیگەوە هەیە، لە کاتی تاقیکردنەوەکانیش قوتابی لەسەر ئەرز دادەنیشێ .”
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئەو وتی، “هەموو ئەو قوتابیانە با سبەی بێنە وەزارەتی پەروەردە تاوەکو كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكەین”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری