بەردی بناغەی بنکەیەکی تەندروستی لە کۆمەڵگای سێبیران دانرا - وێنە؛ پارێزگای هەولێر
بە 800 ملیۆن دینار
خێرخوازێک بنکەیەکی تەندروستی لە سێبیران دروست دەکات
964+
شۆڕش قادری
بە تێچووی 800 ملیۆن دینار و لەسەر ئەرکێکی خێرخوازێک بنەکەیەکی تەندروستی لە کۆمەڵگای سێبیران دروست دەکرێت.
بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ شەممە 25.10.2025 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی پڕۆژەى دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستی لە جۆری ( C ) لە کۆمەڵگای سێبیران داناوە، کە لەسەر ئەرکی خێزخوازی جێبەجێ دەکرێت.
پارێزگارى هەولێر رایگەیاندووە، ئەو پڕۆژەیە بۆ ناوچەکە پڕۆژەیەکی زۆر گرنگە و دڵنیان ئەو بنکە تەندروستییە بە تەوابوونی، خزمەتێکی زۆر تەندروستی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکات.
ئومێد خۆشناو دەستخۆشى لە حاجی مەحمود سێبیرانی کرد، کە وەک خێرخوازێک ئەرکی دروستکردنی بنکەکەی گرتۆتە ئەستۆ و رایگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، خەڵکى هەولێر هەمیشە پێشەنگ بوونە لە کارى خێرخوازى و مرۆیی و شانازیان پێوە دەکەین.