"سەرما ئێمەی کوشتووە"
ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتەی ماڵەکەی سووتا؛ لەگەڵ خێزانی لە دەرەوە دەخەون
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
عەلى نورەدین خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەی کەرکوک کە ماڵەکەی سووتا، تا ئێستا کەس نەچووە بەدەمییەوە و وەک خۆی دەڵێت، لەگەڵ خێزانەکەی شەویان لە ناو حەوشە و لە سەرمادا رۆژ کردووەتەوە.
عەلى نورەدین، هاوڵاتییەکى خاوەن پێداویستى تایبەتى دانیشتووى گەڕەکى پەنجا عەلى شارى کەرکوکە، دوو شەو پێش، بەهۆى شۆرتى کارەباوە تەواوى ماڵەکەى سووتا و تەنیا عەرەبانەکەى ژێرى دەرچوو، کە لەوکاتەدا لەژێر خۆى بووە لە دەرەوەى ماڵەکەى.
ئەمڕۆ پەیامنێری 964 سۆراغی کردەوە و لە ئەحواڵی پرسی، ئەو وتی، “دوای ئەوەی ماڵەکەم سووتا، ئەمشەو خۆم و خێزانم لەسەر لاکێشەیەک لەناو حەوشە خەوتین و سەرما کوشتینی”.
“تا ئێستا جگە لە ئێوە کەس نەهاتووەتە لامان و تەنیا داواکاریشم ئەوەیە وەک کەسێکی ئاسایی بژیم”، عەلی وای وت.
عەلى نورەدین، ماوەى 15 رۆژە هاوسەرگیرى کردووە و ماڵێکى نوێى دروستکردووە، بەڵام لە چاوتروکانێکدا شۆرتى کارەبا کردى بە پارچەیەک خۆڵەمێش.
عەلى لە خانوى کرێدا دەژیت و وەکخۆى دەڵێت دوو مانگە کرێى خانووەکەى نەداوە، داواش دەکات لە بەرپرسانى شار ئاوڕێکى لێ بدەنەوە و لە ژیانە تازەکەیدا بەتەنیا جێى نەهێڵن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری