"سه‌رپێچیكردنه‌ بۆ سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى وڵات"

ناوخۆى عێراق بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى “ئازاربه‌خش”ـى منداڵان له‌ سۆشیاڵ میدیاكان قه‌ده‌غه‌ كرد

 964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراق توڕه‌یه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ و ڤیدیۆى ئه‌و منداڵانه‌ى كه‌ دیمه‌نه‌كانى به‌ ئازاربه‌خش ناوبردووه‌ له‌ سۆشیاڵ میدیاكان و ده‌ڵێت، بە پێی چوارچێوە یاساییەكان بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلكاریانە دەكات.

بەڕێوەبەرایەتی مافی مرۆڤی وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەكدا، ئیدانەی توندی بڵاوكردنەوەی وێنە یاخود ڤیدیۆی منداڵانی قوربانی كه‌ لە هەلومەرجێكی مرۆیی پڕ لە ئازار ده‌كات و ئەم رەفتارە نوێنەرایەتی پێشێلكارییەكی ئاشكرای كەرامەتی منداڵان و پێشێلكارییەكی روون و ئاشكرای بڕگەكانی یاسای عێراق دەكات.

ده‌شڵێت “سەرپێچیكردنه‌ سه‌ر تایبەتمەندییەكانی عێراق به‌تایبه‌تیش بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی یاخود ناوزڕاندنیان بە هەر بیانوویەك، قەدەغەیه‌”.

ئاماژەی بەوەشكراوە، ئەم كارانە تەنیا زیان بە منداڵان و خێزانەكانیان ناگەیەنێت، بەڵكو وێنەی ئەو هەوڵە مرۆیی و یاساییانە دەشێوێنن كە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ پاراستنی كۆمەڵگە و پاراستنی كەرامەتی هاوڵاتیان دەیدەن.

وه‌زاره‌تى ناوخۆ دووپاتی كردەوە، بەپێی چوارچێوە یاساییەكان بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلكاریانە دەكات، داوا لە هەموولایه‌كیش دەكات بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی هەڵبگرن و رێز لە تایبەتمەندی قوربانیان بگرن و خۆیان لە ئیستغلالكردنی ئازارەكانیان بۆ مەبەستی پڕوپاگەندە یاخود كارى میدیایی بپارێزن.