سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ
"پەیوەندیمان باشە"
ترەمپ: ناچاریان كردم رەسمی گومرگی لەسەر چین دابنێم
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سەرۆكی ئەمریكا ئاشكرای كرد، ناچاریان كردووە رەسمی گومرگی بخاتە سەر كاڵای چینی، بەڵام ئەمە بە بەردەوامی نابێت.
دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، رەسمی گومرگی سەر چین بەردەوام نابێت، ئەو رێوشوێنانەی ئێستاش گیراوەتەبەر، بەناچاری بوو.
سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت: “ناچاریان كردم بۆ ئەم كارە”، كە بە مەبەستی رەسمی گومرگیی نێوان ئەمریكا و چینە.
“كارەكان لەگەڵ چین بە باشی دەڕوات، بە هیوای ئەوەین لەگەڵ چین بگەینە رێككەوتنێكی دادپەروەرانەی بازرگانی”، دۆناڵد ترەمپ وای وت.
ئاشكراشی كرد لە دوو هەفتەی داهاتوودا لەگەڵ سەرۆكی چین بەیەكدەگەن.
رەسمی گومرگی چییە؟
رەسمی گومرگ بریتییە لەو باجەی کە دەخرێتە سەر کاڵا و خزمەتگوزارییە هاوردەکراوەکان یان هەناردەکراوەکان، کاتێک کە بە سنوورە نێودەوڵەتییەکاندا دەڕۆن.
ئەم باجە لەلایەن دەسەڵاتدارانی گومرگی هەر وڵاتێک یان ناوچەیەکەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و مەبەست لێی پاراستنی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانەیە لە نێوان کاڵا هاوردەکراوەکان و بەرهەمە ناوخۆییەکان.
سەرۆكی ئەمریكا لە خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا رەسمی گومرگیی ئەمریكا لەسەر بەشێكی وڵاتان زیاد كرد و بەربەستی لە بەردەم هاوردەكردنی بۆ ئەمریكا دروست كردووە، بەهەمان شێوە وڵاتانی بەرامبەریش، لەوانە چین، رەسمی گومرگییان لەسەر كاڵا و بەرهەمی ئەمریكا زیاد كرد و ئەمەش كاریگەری لەسەر جوڵەی بازاڕ و دراو و بۆرسەكان دروست كرد.