لەشساغی
“هیچ دەرمانێک نییە چارەسەری ئۆتیزم بکات”
964+
جێگر مەحمود
لە پۆدکاستی ئەمجارەی لەشساغی لەگەل دکتۆر زاهیر گەردی پسپۆر و راوێژکاری نەخۆشیەکانی منداڵان تیشک خرایە سەر ئۆتیزم رونی کردەوە کە ئۆتیزم حاڵەتێکی گەشەکردنی مێشکە نیشانەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە زۆر جار لە تەمەنی زوودا دەردەکەون تەنانەت لە کاتی ساوا بوونیشدا دەکرێت هەندێک ئاماژە ببینرێت.
منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم لەوانەیە کێشەی جدی لە قسەکردندا دەربکەوێت یان بە تەواوی قسە ناکات یان تێکەڵ نەبێت لەگەڵ منداڵانی دیکەدا هەروەها حەزی زۆر توندی هەیە بۆ جێگیری و نەگۆران لە رۆتینەکانیدا.
دکتۆر زاهیر ئاماژە بەوەدەکات، زۆربەی حاڵەتەکانی ئۆتیزم پەیوەندیان بە هۆکارە بۆماوەیەکانەوە هەیە هەروەها هەندێک فاکتەری ژینگەیی لەوانەیە رۆڵبگێڕن لە پەرەسەندنی ئۆتیزمدا، ڤاکسینەکان یان کوتانی منداڵ هۆکارنییە بۆ ئۆتیزم وە دەشڵێت توشبووانی ئۆتیزم دەتوان ژیانێکی ئاسایی بەڕێبکەن و بگرە لەوانەیە زۆر جار سەرکەوتوتر بن لە کەسانی ئاسایی.
باسی ئەوە دەکات، کە هیچ دەرمانێک نییە چارەسەری ئۆتیزم بکات، بەڵام رۆڵی قوتابخانە و کۆمەڵگە و دایک و باوک دەکات کە زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی هۆشیار و گشتگیر کە پشتیوانی لە منداڵانی ئۆتیزم بکات دەبێت بزانین کە زۆرێک لە تووشبووان بە ئۆتیزم بە پشتیوانی پێویست دەتوانن ژیانێکی ئاسایی و پڕ بەرهەم بژین.
پێداچوونەوە: توانا نەقی