له باڵەكایەتی شوێنێك نیه شارەوانی زبڵ و خاشاكى لێ كۆبكاته‌وه
964+
زۆزك باڵەك – چۆمان
رۆژ به رۆژ كێشه‌ى زبڵ و خاشاكى سنوورى چۆمان فراوان ده‌بێت، ئه‌مڕۆش خەڵكی گوندی وەردە رێگریان لە بردنی خاشاك بۆ سنووری گوندەكەیان كرد و شارەوانیان ناچاركرد شوێنەكە بەجێ بێڵێت.
كێشەی فڕێدانی زبڵ و خاشاك لە قەزای چۆمان، ماوەی چەند مانگێكە بەردەوامە، دوای ناڕەزایی خەڵكی گوندی ئۆمەراوە و رەزان و شارەدێكانی قەسرێ و گەڵاڵە، ئەمڕۆش دانیشتووانی گوندی وەردە رێگریان كرد، ئەمەش وایكردووە تاكو ئێستا كێشەكە بەردەوام بێت.
هه‌رچه‌نده پێشتر، هه‌ژار حه‌كیم وته‌بێژى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران به 964 ـى راگه‌یاندبوو، كه به‌م زووانه ئه‌و گرفته چاره‌سه‌ر ده‌كرێ.
ئه‌وەشی ئاشكرا كرد “چه‌ند گروپێك راسپێردراون، كار له‌سه‌ر چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه بكه‌ن، به‌شێكیان زبڵ و خاشاكه‌كه لێك جیاده‌كه‌نه‌وه و به‌شێكیشیان ئه‌و پاشماوه‌یه له‌ناو ده‌به‌ن”.
لایخۆشیەوە سوارە ئەكرەم قایمقامی قەزای چۆمان به 964ـى راگه‌یاند “لەگەڵ سەرووی خۆمان سەرقاڵی چارەسەرێكی كۆتایین بۆ ئەم كێشەیە، بەشێوەیەكی كاتی شوێنمان دابینكردووە بەڵام خەڵكی سنوورەكە ناڕازین و نایانەوێت لەنزیك ماڵ و شوێنەكانیان فڕێ بدرێت”.
بەپێی گرێبەستێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیای پاپا گروپ، دەبێت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەركی پاككردنەوە و كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاكی سنوورەكە ئەنجامبدات و چارەسەری بكات، بۆیە رۆژانە لەسنووری قەزای چۆمان و شارەدێی سمیلان و قەسرێ و حاجی ئۆمەران و گەڵاڵە زیاتر لە 20 تۆن زبل و خاشاك كۆ دەكرێتەوە لەئێستاشدا نەبوونی شوێنێك بۆكۆكردنەوەی زبل و خاشاك كێشەی بۆ كۆمپانیا و هاوڵاتیان دروستكردووە.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن