بەپێی رێنمایی باخچەکانی سلێمانی هەڵپاچینی درەختەکان لەم وەرزەدا دەبێتەهۆی وشکبوونیان – وێنە؛ بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی
رێنمایی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی؛
“هەڵپاچینی درەختەکان لەم وەرزەدا دەبێتەهۆی وشکبوون و نەخۆشکەوتنیان”
964+
شۆڕش قادری
بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی دەڵێت، بڕین و هەڵپاچینی درەختەکان لەم وەرزەدا دەبێتەهۆی وشکبوون و نەخۆشکەوتنیان.
بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی کۆمەڵێک رێنمایی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، بۆ پاراستنی درەختەکانمان لە گەڕەک و کۆڵانەکان پابەندی ئەو رێنماییانە بن.
بەپێی رێنماییەکە، “لە وەرزی پاییزدا، کاتێک کە پلەی گەرما دادەبەزێت و گەڵای درەختەکان هەڵدەوەرێت، گەشەی درەختەکان سست دەبێت، لەم کاتەدا، بڕین و هەڵپاچینی درەختەکان بە شێوازێکی نازانستی، دەبێتەهۆی زیان گەیاندنێکی زۆر بە درەختەکان وەک وشکبوون یان نەخۆشکەوتنیان”.
دەقی رێنماییەکەی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی؛
خۆبەدوورگرتن لە بڕین و هەڵپاچینی درەختەکان لە پاییزدا: لە وەرزی پاییزدا، درەختەکان لە قۆناغی متبوندان. بڕین و هەڵپاچینیان لەم کاتەدا دەبێتە هۆی لاوازبوونیان و کەمکردنەوەی توانایان بۆ بەرگەگرتنی سەرما و نەخۆشی.
ڕاوێژکردن بە شارەزایان: پێش ئەنجامدانی هەر کارێکی بڕین یان هەڵپاچین بۆ درەختەکانتان، تکایە تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان ئاگادار بکەنەوە. ئەوان دەتوانن ڕێنماییتان بکەن لەسەر کات و شێوازی دروست بۆ ئەنجامدانی ئەم کارانە، بەو پێیەی کە شارەزایی تەواویان هەیە لە بوارەکەدا و دەزانن چ جۆرە درەختێک چ جۆرە گرنگی پێدانێکی دەوێت.
پاراستنی جوانی و تەندروستی ژینگە: درەختەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە پاکژکردنەوەی هەوا و جوانکردنی ژینگەی نیشتەجێبوونمان. با هەموومان پێکەوە کار بکەین بۆ پاراستنیان و گرنگیدان پێیان، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی تەندروست و جوانمان هەبێت.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان ئامادەن. لە کاتی هەر پرسیارێک یان پێویستییەک بۆ یارمەتی سەبارەت بە درەختەکانتان، دەتوانن پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانەوە بکەن، بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و ڕێنمایی پێویست.
بە پابەندبوونمان بەم ڕێنماییانە، دەتوانین دڵنیا بین لەوەی کە درەختەکانمان بە شێوەیەکی تەندروست گەشە دەکەن و سوودەکانیان بۆ ئێمە و نەوەکانی داهاتوو دەمێنێتەوە.