سكاڵاكار ئامادە نەبوو

جارێكی دیكە دادگاییكردنی جوتیارە كوردەكەی سەرگەڕان دواخرا

ژووری هەواڵ

لەسەر سکاڵای ئەو سەربازەی بە ملپێچەکەی ویستی جوتیارەکەی سەرگەڕان لەسەر تراکتۆرەکەی بهێنێتە خوارەوە، ئەمڕۆ جوتیارەکە جارێكی دیكە دادگایی کرا، بەڵام سكاڵاكار ئامادەنەبوو.

چیرۆکە بەمجۆرە دەستیپێکرد، کە کێشەی زەویوزار لە نێوانی کوردانی ناوچەی قەراج و كەندێناوە و عەرەبە هاوردەكان ساڵانێكە هەیە و لە هەریەکە لە  گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکەی سنوری ناحیەی سەرگەڕان رێگە نەدەدرا جوتیارە کوردەکان دروێنە لەناو زەویەکانیاندا بکەن و ئەمەش بووە هۆکاری دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی.

هەر لە بەردەوامی ئەم ناکۆکییە، حەوت مانگ لەمەوبەر لە رووبەڕووبونەوەیەکی نێوان سەربازەکانی سوپای عێراق و جوتیارە کوردەکان لەناو زەویی کوردەکان، لە دیمەنێکدا جوتیاریک بە ناوی محەمەدئەمین کە نوێنەری جوتیارانی ناوچەكەیە، لەسەر تراکتۆرێکە و سەربازێکیش بە ملپێچکەی ملی جوتیارەکە رادەکێشێت؛ ئەمە کاردانەوەی زۆری دروست کرد.

دواتریش سەربازەکە سکاڵای تۆمارکرد و وتی: جوتیارەکە قسەی نەشیاوی بەرامبەر سەربازەکانی سوپا بەکارهێناوە.

هەر سەبارەت بەم سکاڵایە کە لەلایەن سەربازێکەوە کراوە بە ناوی کەڕاڕ شاکر،  ئەمڕۆ بۆ جاری پێنجەم سکاڵاکار ئامادەی بەردەم دادوەر نەبوو، بۆیە ئەمجارەش دانیشتنی دادگا بۆ 21ی مانگی داهاتوو دواخرا.