نیمچە دوورگەی کامچاتکا

بوومەلەرزە روویدا و مەترسی تسۆنامی هەیە و پێوانەی جیاجیاش باس دەكرێن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دەسەڵاتدارانی نیمچە دوورگەی کامچاتکا لە رۆژهەڵاتی دووری روسیا رایانگەیاند، هەڕەشەی تسونامی هەیە، دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.3 پلە لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەکەدا تۆمارکرا، لە لایەكی دیكەش دەڵێن بوومەلەرزەكە بە پلەی 7.4 بووە بە پلەی رێختەر.

ڤلادیمێر سۆلۆدۆڤ، پارێزگاری ناوچەی کامچاتکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام نووسیویەتی، مەترسی تسونامی راگەیەندراوە، “تکایە لە کاتی سەردانی کەناری خاڵکاتیرسکی و ئەو ناوچانەی دیکە، کە مەترسی تسونامییان لەسەرە، زۆر وریا بن”.

داتاکانی پەیمانگای گڕکان و بوومەلەرزەزانیی رۆژهەڵاتی روسیا، قەبارەی بوومەلەرزەکە 7.7 دەخەنە ڕوو، هەروەها دەستەی جیۆلۆجی ئەمریكا دەڵێت، پلەی بوومەلەرزەكە 7.4 بووە.

زانایان روونیان کردەوە، بوومەلەرزەکە ئەمڕۆ شەممە 13.9.2025 روویداوە، کە قووڵاییەکەی 46.8 کیلۆمەتر بووە و ناوەندێکی بوومەلەرزەکەش 123 کیلۆمەتر لە شاری پترۆپاڤلۆڤسک-کامچاتسکی دوورە.

بوومەلەرزەکە بە روونی لەلایەن دانیشتوانی پترۆپاڤلۆڤسک-کامچاتسکییەوە هەستیان پێکرا، ژمارەیەکی زۆریان بەپەلە لە ماڵ و ئۆفیس و ناوەندە بازرگانییەکانیانەوە هاتنە دەرەوە و چوونەتە سەر شەقامەکان.

لە 30ی تەمووزی رابردوودا، کامچاتکا بەهێزترین بوومەلەرزەی بەخۆیەوەبینی لەوەتەی ساڵی 1952ـەوە، کە گوڕەكەی 8.8 بوو بە پێوەرەکانی ڕێختەر.

لەو کاتەوە، زانایان رۆژانە پاشە لەرزەکان تۆمار دەکەن، زۆربەی ئەم لەرزینانەش لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە هەستیان پێناکرێت، بەڵام زاناکان چالاکییە بوومەلەرزەییەکانی ناوچەکەیان بە “زۆربەرز” وەسف کردووە، هەر بەم هۆیەشەوە سەرۆكی هەرێمەكە باری نائاسایی سروشتی راگەیاندووە.

بوومەلەرزەیەكی دیكە ئەفغانستانی هەژاند

بوومەلەرزەیەكی دیكە ئەفغانستانی هەژاند