"پێش وەرزی بارانبارین گرفتەکە چارەسەر دەکرێت"

چەند دوکانێکی رانیە پڕبوون لە ئاوی زێراب

964+

محەمەد عەلی – راپەڕین

بازاڕی دۆلارەکەی رانیە، ئاوەڕۆکەی گیراوە و زێرابەکەی دەچێتەوە ناو دوکانەکان و پڕدەبن لەئاو، خاوەن دوکانەکان نیگەرانن و دەڵێن، “ئاوی پیس و بۆنە ناخۆشەکەی بێزاری کردووین، داواکارین شارەوانی بەهانامانەوە بێ و کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکات”.

قادر حەمە، دوکاندارێکی ناوبازاڕی رانیە بە 964ـی وت، “زیاتر لە 20 دوکانی ئەم بازاڕە ئاوی ئاوەڕۆی شەقامەکەیان دێتەوە ناو، سێ مانگ دەبێت شارەوانی ئەو شەقامەیان کۆنکرێت کرد و نۆژەنیان کردەوە، دواتر چەند ستونێکی کارەبایان لە بەردەم دوکانەکاندا چاند، پێمان وایە لەکاتی یەکێک لەو ستونانەدا زێرابەکە شکێنراوە و ئاوەڕۆکە بە مەنهۆڵی دوکانەدا دێتەدەرەوە”.

وتیشی، بۆنی ناخۆش شەقامەکەی گرتووەتەوە و گرفتی بۆ کەسابەتی ئێمەش وەک دوکاندار دوستکردووە، چونکە خواردنگە و چایخانەشی لێیە و هاوڵاتیانی بێزار کردووە، ئەمەش وایکردووە کەمتر سەردانمان  بکەن، بۆیە داواکارین شارەوانی بەزوویی چارەسەرێکی ئەم گرفتەمان بکات“.

964  گرفتەکەیانی بردە بەردەم ئەحمەد حەمە، سەرۆکی شارەوانی رانیە و وتی، “بۆچارەسەرکردنی  ئاوەڕۆی شەقامەکە، تیمی چاکسازی شارەوانیمان راسپاردووە، سەردانیان کردوون، پێویستە  نزیکی 15 مەتری شەقامەکە ببڕدرێت و هەڵبکەنرێتەوە، پێش ئەوەی وەرزی باران بارین دەست پێکات چارەسەری دەکەین، چونکە باران ببارێت گرفتەکە یان گەورەتر دەبێت“.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

ناوبازاڕی رانیە چاککرا و نۆرەی شەقامی قولەیە

ناوبازاڕی رانیە چاککرا و نۆرەی شەقامی قولەیە