زۆرینەیان شاشەکانیان خراپ بەکارهێناوە

توێژینەوەیەک: 12%ـى منداڵانى هەڵەبجە ئالودەى شاشەى مۆبایل بوون

964+

وریا فەتاح

توێژینەوەیەکی زانستی نوێ کە لەلایەن تیمێکی فرە پسپۆڕی بە سەرپەرشتی د. جەعفەر عومەر، پزیشکی دەروونی، لە پارێزگای هەڵەبجە لەسەر 655 منداڵی خوار تەمەنی 12 ساڵ ئەنجامدراوە، دەرئەنجامی شۆکهێنەر لەبارەی کاریگەرییە تەندروستی و دەروونییەکانی بەکارهێنانی شاشە (مۆبایل، تابلێت، هتد) ئاشکرا دەکات.

توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری زانستی باوەڕپێکراوی زانکۆی گەرمیان بڵاوکراوەتەوە، زەنگی مەترسی بۆ داهاتووی نەوەی نوێ لێدەدات.

ئامارە شۆکهێنەرەکان: ئالوودەبوون و زیانی بەربڵاو

بەپێی دەرئەنجامەکان، رێژەی بەکارهێنانی ناتەندروستی شاشە لەنێو منداڵاندا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار:

65%ـى منداڵان شاشەکانیان بە شێوەیەکی نادروست بەکارهێناوە.
12% لەو منداڵانە گەیشتوونەتە قۆناغی ئالوودەبوون بە شاشەکانەوە.
زیانە کورتخایەن و درێژخایەنەکان: جەستە و دەروون لەژێر هەڕەشەدان

توێژینەوەکە کاریگەرییەکانی بۆ دوو جۆر پۆلێن کردووە کە ڕێژەی بەرکەوتووانی زۆر بەرزە:

87%ـی منداڵان دووچاری کاریگەرییە کورتخایەنەکان بوونەتەوە، وەک: ماندوویەتی، ئازاری چاو، سەرئێشە، ئازاری شان و مل، و تووڕەیی کتوپڕ.
99%ـی منداڵان دووچاری کاریگەرییە درێژخایەنەکان بوونەتەوە، کە مەترسیدارترن و بریتین لە: تێکچوونی خەو، خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، دابڕانی کۆمەڵایەتی، کەمبوونەوەی ئاستی تەرکیز، و کێشەکانی بینین.
قوتابیانی پۆلە گەورەکان زەرەرمەندی سەرەکین

دەرەنجامەکان ئەوەیان دەرخستووە کە کاریگەرییە دوور مەوداکان زیاتر لەسەر قوتابیانی پۆلەکانی 4، 5 و 6ـى بنەڕەتی دەرکەوتوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کاریگەری نەرێنی شاشە لەسەر توانای فێربوون و ئەرکە خوێندکارییەکانیان.

بەرپرسیارێتییەکە لە ئەستۆی کێیە؟

توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ئامارانە پێویستی بە داڕشتنی پلانی گشتگیر هەیە لەسەر ئاستی خێزان، ناوەندە پەروەردەییەکان و حکومەت، هەروەها دەرکەوتووە کە کاریگەرییەکان لە خێزانێکەوە بۆ خێزانێکی تر و بەپێی ئاستی ئابووری و شوێنی نیشتەجێبوون (شار یان دەرەوەی شار) دەگۆڕێت.

بەکارهێنانی شاشە لە ئاسانکارییەوە گۆڕاوە بۆ کۆنترۆڵکردن و ئالوودەبوون

تیمەکە هۆشداری دەدات کە دابینکردنی پێداویستییە مادییەکان بەتەنها بەس نییە و دەبێت خێزانەکان کاتی پێویست بۆ پەروەردە و لایەنی هزری منداڵەکانیان تەرخان بکەن، چونکە بەکارهێنانی شاشە لە ئاسانکارییەوە گۆڕاوە بۆ کۆنترۆڵکردن و ئالوودەبوون.

منداڵانی غازخۆر؛ لە شڵەژانی دەروونییەوە بۆ ئومێدی چاک...

منداڵانی غازخۆر؛ لە شڵەژانی دەروونییەوە بۆ ئومێدی چاکبوونەوە