لە بری ترومپای ئاو بەکاریان دەهێنا

بەرامبەر پایسكلێكی ژەنگاوی بەوەفا بوون و وەک یادگاری هەڵیانگرتووە

+964

رێباز خدر

لە ناحیەی دارەتووی سەر بە شاری هەولێر، پایسکلێک زیاتری 30 ساڵە لای خانەوادەیەك پارێزراوە و بووەتە یادگاری، خاوەنی پایسكلەكە دەڵێ هەرچەندە ئێستا ژەنگاوی بووە و پاشماوەكەی ماوە، بەڵام كاتی خۆی لە بێ ئاویدا وەك تروومپای ئاو بەكاریان هێناوە، ئێستاش دەستیان لێی بەرنابێ و وەك یادگارییەك بۆیان ماوەتەوە.

مام ئەحمەد خاوەن پایسكلەكەیە و بە 964ی وت، لە ساڵی 1995ـەوە پایسكلەی لەلایە و كاتی خۆی بە 60 دیناری ئەو کات كڕیویەتی، پاشان بیرۆکەیەكی لە کەسێک بە ناوی شێخ محەمەد باقرتییەوە پێدراوە، کە ئەم پایسکلەیان بەکاربهێنن لە بری تروومپای ئاو، بۆ ئەوەی ئاوی سەرەکی لە بۆرییەوە رابكێشن بۆ ناوی تانكی ماڵەكەیان، چونكە ئەو كات گەڕەكەكەیان بێ ئاو بووە.

مام ئەحمەد دەڵێت، ماوەی 10 ساڵ سوودیان لە پایسکلە بینیوە و بەکاریانهێناوە، بۆیە ئێستاش هەر لایان ماوە، هەرچەندە ژەنگاوی بووە و پاشماوەكەی ماوە، بەڵام هەر وەك یادگارییەكی پیرۆز سەیری دەكەن و پاراستوویانە.

پایسکلەكە دوو سوکانی هەیە لەگەڵ یەک رینگی بێ تایە، جووتێک پایدەر و زنجیرێک، کاتی خۆی گوریسێکی توندوتۆڵمان لە رینگەکەی هەڵدەکێشا وەک قایشی موبەڕیدە بە مزەخەکەیان دەبەستەوە، دواتر بە پەیدانلێدان ئاوەکە لە بۆڕی سەرەکی دەهاتە دەرەوە و دەگەیشتە ناو تانكی”، مام ئەحمەد وادەڵێت.

دەشڵێت، تا تانکییەکیان پڕ دەکرد، دەبوو نزیکەی کاتژمێرێک پەیدان لێ بدەن، بۆ ئەوەی کاتەکەشیان زوو لێ بڕوات و هەست بە ماندووبوون نەکەن، شیعریان دەخوێندەوە و شیعریان بەسەر پایسكلەكەشدا هەڵدەگوت.

مام ئەحمەد دەڵێت، ئێستا ئاویان زۆرە و كێشەیان نییە، بەڵام پایسكلەكە هەروەك یادگارییەك لە حەوشەی ماڵەكەیدایە و بووەتە یادگارییەكی شیرین.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ماتۆڕێک بووە بە هاوڕێی پیرە پیاوێکی ریش سپی

ماتۆڕێک بووە بە هاوڕێی پیرە پیاوێکی ریش سپی