مونا یاقۆ، سەرۆکى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ
"سەر بە هیچ حیزبێک نیم"
روونکردنەوەی سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر رووداوەکانی لالەزار
964+
وریا فەتاح
سەرۆکی دەستەی سەربەخۆى مافی مرۆڤ، لە وەڵامی بڵاوبوونەوەی دوو بەیاننامەی جیاواز بە ناوی دەستەکەوە سەبارەت بە رووداوەکانی لالەزار، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە سەربەخۆیی خۆی و دەستەکە کردەوە.
دکتۆر مۆنا یاقۆ سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤ لە روونکردنەوەکەیدا رایگەیاند، خۆى کەسایەتییەکی ئەکادیمی سەربەخۆیە و لە هیچ قۆناغێکی ژیانیدا سەر بە هیچ حیزبێک نەبووە، ئامانجی لە کارکردن لە دەستەی مافی مرۆڤ، پراکتیزەکردنی پسپۆڕییەکەی و خزمەتکردنی هاوڵاتیان بووە دوور لە حیساباتی سیاسی.
وتیشی،”لە ماوەی چوار ساڵ زیاتر لە کارکردنیاندا، هەمیشە هەوڵیان داوە پرەنسیپی یەکڕیزی جێگیر بکەن و بە بێ لایەنانە کار بکەن بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بەدواداچوونی کێشەکان لە شارە جیاوازەکانی هەرێمدا.
کارەکانمان لەسەر بنەمای چاودێری مەیدانی و جددی بووە، نەک بانگەشەی میدیایی یان شوێنکەوتنی خواستەکان
سەبارەت بە رووداوەکانی لالەزار، دکتۆر مۆنا یاقۆ ئاماژەی بەوەدا کە لە کاتی رووداوەکاندا لە مۆڵەتی فەرمی بووە و هاوکارانی راسپاردووە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بابەتەکە بکەن، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ سەر کارەکەی، دەستپێشخەری داواکارییەکی فەرمی کردووە بۆ سەردانی گیراوانی سلێمانی، وەک سەرۆکی دەستە و کەسایەتییەکی سەربەخۆ، بەهۆی داواکارییەکانی ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان و بنەماڵەی دەستگیرکراوەکان.
لە کۆتایی روونکردنەوەکەیدا، دکتۆر مۆنا یاقۆ رێز و حورمەتی خۆی بۆ هەموو هاوکاران و لایەنە حیزبییەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی روویدا(مەبەست لێى بڵاوبوونەوەى دوو بەیاننامەى دەستەیە) لە زوترین دەرفەتدا پێکەوە باسی دەکەن، داواشی کرد کە کێبڕکێ لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ دەستەکە و خزمەتکردنی هاوڵاتیان بێت، نەک ئەوەی دەستە بکرێتە لایەنێک لە هەر ململانێیەکی سیاسیدا.
ئەو بەیاننامەیە دواى ئەوەدێت، ئەندامانى دەستەکە دوو بەیاننامەى دژ بەیەکیان لەسەر رووداوەکانى لالەزار بڵاوکردووە.