168 هەزار ئەمپێر کارەبا دەدات
پڕۆژەیەکی دیکەی کارەبای دۆستی ژینگە کەوتە کار
+964
فەرمان سادق
پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک بەتوانای 37.2 مێگاوات تەواو بووە، لەئێستادا بەتوانای حەوت مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت.
پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لەدوو تۆربایین پێکهاتووە و 95٪ـی کارەکانی تەواو بووە.
بەتەواوبوونی پڕۆژەکە، توانای بەرهەمهێنانی 37.2 مێگاوات کارەبای هەیە کەدەکاتە چوارهەزار و 545 ئەمپێر کارەبا.
پڕۆژەکە دەکەوێتەسەر زێی گەورە لەسنووری ناحیەی دێرەلووکی سەر بەقەزای ئامێدی لەپارێزگای دهۆک.
سەگڤان شەوکەت، ئەندازیاری میکانیکی پڕۆژەکە دەڵێت: گوژمەی پڕۆژەکە 151 ملیۆن دۆلارە و 50 هەلی کاریشی رەخساندووە.
لای خۆیەوە حەسەن یوسف، بەڕێوەبەری پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دێرەلووک ئاماژەی بەوەداوە کە پڕۆژەکە ئێستا حەوت مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت.
ئەو قسەی بۆ ماڵپەری فەرمانگەی میدیا و زانیاری کردووە و دەڵێت: بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی زێی گەورە، بەرهەمی رۆژانەی تەنیا ٧ مێگاوات کارەبایە.
وێستگەی هایدرۆپاوەری، ئەو وێستگانەن کە بە دۆستی ژینگە دادەنرێن، لە کوردستان جگە لەوەی دێرەلووک ئەوا پڕۆژەی هایدرۆپاوەری دوکان و دەربەندیخانیش هەن.