تابلۆی "كۆتا خوان"
تابلۆی "كۆتا خوان"
چێشتخانەیەكی هەولێر داوای لێبوردن لە كریستیانەكان دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
چێشتخانەی یوكەی پیزا لە هەولێر داوای لێبوردن لە كریستیانەكان دەكات، دەڵێن هەڵەیەكیان كردووە و جارێكی دیكە دووبارە نابێتەوە.
چێشتخانەكە ئەمڕۆ دووشەممە 25.8.2025 لە روونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە بەكارهێنانی تابلۆی “كۆتا خوان”ی لیۆناردۆ داڤینچی لە ریكلامكردندا، كە باس لە دوا خوانی حەزرەتی عیسا دەكات، داوای لێبوردن دەكەن و ئاماژە بەوە دەكەن، ئەوە هەڵەیەكی تیمی ماركێتینگی خۆیان بووە و جارێكی دیكە دووبارە نابێتەوە.
روونكردنەوەیان بەم جۆرەیە:
داوای لێبوردن لە برا و خوشکە مەسیحیەکانمان دەکەین کە بووینە هۆکاری نارەحەتی و ناڕازاییان بەهۆی پۆستێکەوە کە هیچ مەبەستێکی نەخوازراو و نەرێنی لەپشت نەبوو، بەهۆی هەڵەیەکی تیمی مارکێتینگ کە بێ لێکۆڵینەوە و بێ زانیاری کاریان لەسەر تابلۆیەکی دێرین کردبوو بێ ئەوەی بزانن مەبەستی سەرەکی و مانای تابلۆکە چییە، وەک هەر یەک لە تابلۆ بەناوبانگەکانیتر بۆ مەبەستی مارکێتینگ دەستکاریان کردبوو، دڵتەنگی خۆمان بۆ ناڕەحەتی خوشک و برا کریستیانەکانمان دووپات دەکەینەوە هەرگیز جارێکیتر ڕووداوی لەم جۆرە دووبارە نابێتەوە، هیوادارین بە دڵێکی فراوان چاوپۆشی لەم هەڵەی ئێمە بکەن و لێمان تێبگەن، کە کارەکە بە ئەنقەست نەبووە و تەنها هەڵەیەکی مارکێتینگ بووە، کە بێ زانیاری کاریان لەسەر تابلۆکە کردبوو.
چێشتخانەكە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی روونكردنەوەیان بڵاوكردووەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە چێشتخانەكە بەهۆی ئەو كارەی كردبوویان بە بڕیاری قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر داخرا و قفڵی لێدرا و بۆ ماوەیەك سزادەدرێن.
964 كاری لەسەر ئەم بابەتە كرد و پەیامنێری 964 لە هەولێر لە بەردەم چێشتخانەكە زانیارییەكانی گواستەوە.
چیرۆكی تابلۆكە چییە؟
تابلۆی “کۆتا خوان” یەکێکە لە بەناوبانگترین کارە هونەرییەکانی جیهان و لە لایەن هونەرمەندی ناودار و ئیتالی لیۆناردۆ داڤینچی كێشراوە، كە وێنەی حەزرەتی مەسیح و قوتابییەکانی نیشان دەدات لە کۆتا ژەمی ئێوارەدا پێش ئەوەی “وەك باس دەكرێت” لە خاچ بدرێت.
داڤینچی هەروەها خاوەنی تابلۆی ناوداری مۆنالیزاشە.