وردەکارییەکە باسکراوە

پێکدادانی لالەزار کۆتایی هات و شار نیمچە ئارامە

964+

دیلان محەمەدجەزا

دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر، رووبەروبونەوە و پێکدادانی چەکداری هێزە ئەمنییەکان و لالەزار، دەنگی تەقە وردە وردە کپبوو، بەڵام پاشماوەی دووکەڵ هەر ماوە، ئەوەش دوای ئەوەی راگەیەندرا هێزە ئەمنییەکان، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و ژمارەیەک کەسی دیکەیان دەستگیرکردووە.

لە دوێنێوە شاری سلێمانی بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت، لە دەورووبەری کاتژمێر 6ی ئێوارە بازگەکانی دەرەوەی سلێمانی قەرەباڵغییەکی نائاساییان بەخۆوە بینی، هەتا چوار کاتژمێر دوای ئەوەش قەرەباڵغییەکە نەڕەوییەوە.

لەوە بەدواوە جموجۆڵێکی نائاسایی لە ناو شار بەدی دەکرا، لە چەند شوێنێک بە چڕی هێزە ئەمنییەکان دەردەکەوتن، بەڵام هیچ زانیارییەکی دڵنیاکەرەوە نەبوو ئەم بارە نائاساییە هۆکارەکەی چییە، لە نزیک کاتژمێر 10ی شەو روون بووەوە کە ئەم جموجۆڵە بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەلە.

هەر دوای ئەوە هێزێکی ئەمنی زۆر لە دەوروبەر هۆتێل لالەزار کۆبوونەوە، لالەزار شوێنی مانەوەی لاهور شێخ جەنگی و کۆبوونەوەی هاوەڵەکانیەتی، پێش کاتژمێر 11 پەیامنێری 964 لە نزیک لالەزار وتی: ژمارەی هێزەکان زۆربوون و پەیام دراوە بە لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی کە خۆیان بدەن بەدەستەوە.

لە کاتژمێر 12ی شەو دادوەر سەڵاح حەسەن وتەبێژی دادگای سلێمانی لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە فەرمی بە 964ی راگەیاند: بە فەرمانی دادوەر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی و چەند کەسێکی تر دەرچووە بەپێی مادەی 56 بە تۆمەتی ئاژاوە نانەوە.

کاتژمێر 3:32 خولەک دەنگی تەقە بیستراو شەڕ دەستی پێکرد، کارەبای سەرچنار پچڕاو نزیکەی یەک کاتژمێر تەقەیەکی چڕ بوو، دەنگی تەقینەوە دەبیسترا، و دواتر کاتژمێر 5:30 سەرچاوەیەک لە لالەزارەوە بە 964ی وت: برینداریان زۆرەو ئاگر لە خەڵکە سیڤیلەکە نزیکبووەتەوە.

هەر ئەو کات هەواڵ هات کە لە دەباشان لە نزیک ماڵی بافڵ تاڵەبانی دەنگی تەقینەوەیەک هاتووە و ئاگرکەوتووەتەوە، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەیانی سەرچاوەیەک لەناو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە 964ی وت: لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادو ئاسۆی برای دەستگیرکراون.

سەرچاوەکە دەڵێت: پۆڵاد شێخ جەنگی بە برینداری دەستگیکراوەو فیشەک بەر قاچی کەوتووە.

ناسنامەی یەکێک لەوانە ئاشکراکرا کە گیانی لەدەستداوە

ناسنامەی یەکێک لەوانە ئاشکراکرا کە گیانی لەدەستداوە