فولکەی ئیخوان لە کەرکوک _ وێنە: 964
18 کەس بوون
تۆڕێکی ساختەکاری خانووبەرە لە کەرکوک دەستگیرکران
964+
ئەحمەد مستەفا
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، “تۆڕێکی گەندەڵی” لە کەرکوک هەڵوەشاندەوە کە 18 کەس بوون و تۆمەتبارن بە بەفیڕۆدانی هەشت ملیار دینار، هەروەها لە سەروبەندی پڕۆسەکەدا توانراوە 30 مامەڵەی دیکە کە ئامادە بوون بۆ خەرجکردن، رابگیرێن کە بەهەدەردان بووە.
دەزگاکە دەڵێ، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە هەماهەنگی تیمەکانی هەواڵگری و مەیدانی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای کەرکوک تۆڕێکی رێکخراوی هەڵوەشاندەوە کە بەشداربوون لە دەستکاریکردن و ساختەکردنی خانووبەرە.
ئۆپەراسیۆنەکە دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری کراوە، لە ئەنجامدا توانراوە 18 تۆمەتبار دەستگیربکرێن، لە نێویاندا کارمەندانی حکومەت و بانک و وەبەرهێنەر هەن، کە خەریکی پلانی ساختەکاری و ئاڵۆز بوون، بە بەرنامەیەکی حکومی کە ئامانجەکە دابینکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بوە بۆ هاوڵاتیان.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە تۆڕەکە پشتی بە دوو شێواز بەستووە، یەکەمیان بەدەستهێنانی قەرزی ساختە بووە بە پێشکەشکردنی بەڵگەنامەی ساختە، ئەوان بە ناوی هاوڵاتییانی بێتاوان مامەڵەیان بەرەوپێش بردووە، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گەرەنتی وەرگرتنی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان دەکەن.
شێوازی دووەم، دەستبەسەرداگرتنی پارچە زەوییەکی حکومی بووە بە ڕووبەری 57 هەزار و 500 مەتر چوارگۆشە، بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەی پابەندنەبوون بۆ یەکێک لە پارچە زەوییەکان، بە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی موڵکی دەوڵەت.
دەزگاکە لەو راگەیەندراوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.8.2025 بڵاویکردووەتەوە دەڵێ، ئۆپەراسیۆنەکە، بە سەرکەوتوویی بەفیڕۆدانی دارایی راگرت، کە بە نزیکەی هەشت ملیار دیناری عێراقی مەزەندە دەکرا، سەرجەم تۆمەتبارانیش رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون بۆ رێکاری یاسایی.