کارمەندێک لەنێو کێڵگەی بەرهەمهێنانی نەوت سەرقاڵی کارکردنە - وێنە: رۆیتەرز
کۆمپانیای DNO:
لە تاوکێ و فیشخابوور 55هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنین
964+
ئەحمەد مستەفا
کۆمپانیای DNO، بەرزبوونەوەی داهات و بەرهەمی نەوتی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و دەڵێت، داهاتی نەوتیمان بەراورد بە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 37% زیادی کردووە.
کۆمپانیای DNOی نەرویجی، لە چوارچێوەی گرێبەستی کێڵگەکانی نەوتی “فیشخابوور و تاوکێ” کە بە گرێبەستی “تاوکێ” ناسراوە، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
کۆمپانیاکە لە بڵاوکراوەیەکدا ئەمڕۆ 21.8.2025 دەڵێت، لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ بەرهەم و داهاتی نەوتمان زیادیکردووە، وە لە هەرێمی کوردستان و دەریای باکوور 258 ملیۆن دۆلار قازانجمان کردووە.
ئەوە لە کاتێکدا، کۆمپانیاکە لە کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخابوور رۆژانە 55 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەوەش دوای هێرشی فرۆكە بێفرۆكەوانەكان.
لە کاتێکدا ئەو چاکسازییانەی چەند مانگێکی خایاند تائێستا هەڵپەسێردراون و نیگەرانییە ئەمنییەکان لەجێی خۆیانن، دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کێڵگەکانی سەر بە DNO لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاكە کۆی بەرهەمهێنانی لەسەر بنەمایەكی ئەزموونی زیادکردووە بۆ 55 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
ئەوە لەکاتێکدا، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە “74 هەزار و 163” بەرميل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە چارەکی چوارەمی ساڵی 2024.