ماتۆڕسکیلی ئەو سێ راوچییەی لەسەر رووباری سیروان لە گوندی بەرلوت بە دەرمان ماسیان دەگرت – وێنە؛ پۆلیس دارستان و ژینگەی گەرمیان
ئەمساڵ نزیکەی 65 راوچی دەستگیر کراون
لەسەر سیروان سێ راوچی بە دەرمان ماسیان دەگرت؛ دووانیان هەڵاتن و یەکێکیان گیرا
964+
شۆڕش قادری
لەسەر رووباری سیروان لە گەرمیان، سێ راوچی بە دەرمان سەرقاڵی راوەماسی بوون، پۆلیس دای بەسەریاندا، دووانیان هەڵاتن و یەکێکیان گیرا.
“پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 9.8.2025 مەفرەزەیەکمان دەرچونێکیان ئەنجامدا بۆ سەر رووباری سیروان لە گوندی بەرلوت، لەو کاتەدا بینیویانە سێ تۆمەتبار بەشێوەیەکی نایاسایی خەریکی راوەماسی بوون بە دەرمانی تیگاڵ”، موقەدەم هاشم عەلی وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان وای بە 964 وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دووان لە تۆمەتبارەکان بە بینینی مەفرەزەکە هەڵهاتوون و تا ئێستاش پۆلیس بەدوایانەوە و دەستگیر نەکراون، بەڵام یەکێکیان دەستگیرکراوە.
موقەدەم هاشم وتیشی، ماتۆڕسکیل و کەلوپەلی راوچییەکان دەستیان بەسەرداگیراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و رادەستی دادوەر کراوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 65 راوچی ئاژەڵ و باڵندە کێوەییەکانی ماسی لەو سنوورە دەستگیر کراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.